Skip to the content

رۆژی 3ى ئابی 2014 وه‌ك رۆژی كۆمه‌ڵكوژیى ئێزدییه‌كان دیاریكرا

سه‌عات 11ى پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ شه‌مه‌ 2019/8/3، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.رێواز فایق حسێن سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان و ئاماده‌بوونی عه‌بدوڵا حاجى مه‌حمود وه‌زیرى كاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاروبارى په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (3)ى نائاسایی له‌ ساڵی یه‌كه‌می خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو.
د.رێواز فایق حسێن سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ناوى خواو گه‌لی كوردستانه‌وه‌ دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه‌و وه‌ك رێزلێنانێكیش له‌ ساڵیادی كاره‌ساتی كۆمه‌ڵكوژیی ئێزدییه‌كان و ئاسووده‌یى رۆحی قوربانیان و نزاى گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ بێسه‌روشوێنبووه‌كان و ساڕێژبوونی برین بۆ رزگاربووانى كاره‌ساته‌كه‌، داواى له‌ ئاماده‌بووان كرد ده‌قیقه‌ك به‌بێده‌نگی بوه‌ستن.
دواتر له‌لایه‌ن منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌ خوێندرایه‌وه‌ كه‌ بریتی بوو له‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر پێشنیازی بڕیارى (دیاریكردنی رۆژی 2019/8/3 وه‌ك رۆژی كۆمه‌ڵكوژیى ئێزدییه‌كان به‌پێی حوكمى ماده‌كانى (90 و 91 و 93 و 96 و 97) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانى كوردستان، هه‌روه‌ها كۆنووسی دانیشتنی پێشوو و ناوى ئه‌ندامانى ئاماده‌نه‌بوو و مۆڵه‌تپێدراو خوێندرایه‌وه‌.
پاشان سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئاماژه‌ی به‌و یاداشته‌ كرد كه‌ له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه‌ ئاراسته‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كرابوو سه‌باره‌ت به‌ پاراستنی شكۆى سیمبوله‌كانی كوردستان و تیایدا داوایان كردبوو ناوه‌ڕۆكی یاداشته‌كه‌یان بكرێته‌ بابه‌تی كۆبوونه‌وه‌كه‌، له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاند: "ئێمه‌ له‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی پاڵپشت به‌ده‌قی بڕگه‌ی یه‌كه‌م له‌ ماده‌ی هه‌شت له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆ كه‌تیایدا هاتووه‌ دانیشتنی نائاسایی ته‌نیا بۆ تێڕوانینی ئه‌و بابه‌تانه‌ ده‌بێت كه‌ له‌ به‌رنامه‌ى كاردا دیاریكراون، له‌ به‌رنامه‌ى كارى ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ش ته‌نیا ته‌وه‌ر بریتییه‌ له‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر پێشنیازی بڕیارى (دیاریكردنی رۆژی 2014/8/3 وه‌ك رۆژی كۆمه‌ڵكوژیى ئێزدییه‌كان، بڕیارماندا كه‌ داواكاریى هاتوو له‌ یاداشتی په‌رله‌مانتاران پاڵپشت به‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی كه‌ به‌پێی بڕگه‌ی ده‌یه‌م له‌ ماده‌ى 16ى په‌یڕه‌وى ناوخۆ پێمان دراوه‌ بكه‌ینه‌ ناوه‌ڕۆكی یاداشتێكی نیگه‌رانی و هه‌ڵوێست ده‌ربڕین و ئاراسته‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقی بكه‌ین له‌به‌ر رۆشنایی ماده‌كانی (12، 110، 115)ى ده‌ستوورى هه‌میشه‌یی عێراقی فیدرال و یاسای ئاڵای هه‌رێمی كوردستان ژماره‌ 14ى ساڵی 1999".
هه‌ر له‌ دانیشتنه‌كه‌دا له‌لایه‌ن هدیه‌ موراد ئه‌ندامى په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ له‌پێكهاته‌ى ئێزدییه‌كانه‌ له‌ په‌رله‌مان ئه‌و نووسراوه‌ خوێندرایه‌وه‌ كه‌ ئاراسته‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كردبوو سه‌باره‌ت به‌و كاره‌ساته‌ی كه‌ به‌سه‌ر ئێزدییه‌كاندا هات له‌و رۆژه‌داو تیایدا ئاماژه‌ی به‌گه‌وره‌یی و دڕنده‌یی كاره‌ساته‌كه‌ و ژماره‌ی قوربانیان و بێسه‌روشوێنبووان و ئاواره‌بووه‌كان و ئه‌و كاولكارییانه‌ی كه‌ به‌سه‌ر ناوچه‌كانی شنگال و ده‌وروبه‌ریدا هات كرد.
پاشان سه‌رۆكی په‌رله‌مان داوای له‌هه‌ردوو لیژنه‌ی كاروبارى یاسایی و لیژنه‌ی كاروبارى شه‌هیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی كرد بێنه‌ شوێنی مه‌به‌ست بۆ خستنه‌رووی راپۆرتی هاوبه‌ش و كۆتایى هه‌ردوو لیژنه‌كه‌ دوای داڕشتنه‌وه‌ى به‌ره‌چاوكردنی سه‌رنج و پێشنیازی ئه‌ندامانى په‌رله‌مان سه‌باره‌ت پێشنیازی بڕیارى (دیاریكردنی رۆژی 2014/8/3 وه‌ك رۆژی كۆمه‌ڵكوژیى ئێزدییه‌كان به‌پێی حوكمى ماده‌كانى (90 و 91 و 93 و 96 و 97) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانى كوردستان.
سه‌باره‌ت به‌ناوونیشانی پێشنیازی بڕیاره‌كه‌ كه‌ سێ پێشنیار هه‌بوون دوای ئه‌وه‌ى هه‌ر سێكیان به‌جیا خرانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ پێشنیازی سێیه‌م به‌ده‌سته‌واژه‌ی پێشنیازی بڕیارى دیاریكردنی رۆژی 2014/8/3 وه‌ك رۆژی كۆمه‌ڵكوژیى (جینۆساید)ى ئێزدییه‌كان به‌زۆرینه‌ی ده‌نگی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان وه‌ك ناوونیشانی پێشنیازی بڕیاره‌كه‌ په‌سند كرا.
سه‌باره‌ت به‌ خاڵی یه‌كه‌می پێشنیازی بڕیاره‌كه‌ش كه‌ شه‌ش پێشنیاز هه‌بوون دوای خستنه‌ ده‌نگدانیانه‌وه‌ به‌جیا پێشنیاری شه‌شه‌م به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سند كرا كه‌ تیایدا ئه‌و كوشتار و كۆمه‌ڵكوژییه‌ی (جینۆساید)ه‌ى ده‌رهه‌ق به‌ ئێزدییه‌كان كرا خه‌سڵه‌تی تاوانه‌كانی جینۆساید و تاوانه‌كانی دژ به‌ مرۆڤایه‌تی و تاوانه‌كانی جه‌نگ له‌خۆده‌گرن كه‌ تاوانى نێوده‌وڵه‌تین و به‌رپرسیاریه‌تیى قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ و دابینكردنی ماف و ئیمتیازاتی قوربانیان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى ناوچه‌كه‌ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌ستوورییه‌كانی كۆمارى عێراقی فیدرال.
خاڵی دووه‌میش كه‌ دوو پێشنیازى له‌خۆگرتبوو به‌زۆرینه‌ی ده‌نگی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ده‌سته‌واژه‌ی (3ى ئاب به‌ رۆژی كۆمه‌ڵكوژیی (جینۆساید) ئێزدییه‌كان دیاری ده‌كرێت) په‌سند كرا.
خاڵه‌كانی سێیه‌م و چواره‌م و پێنجه‌مى پێشنیازی بڕیاره‌كه‌ش كه‌ تایبه‌ت بوون به‌حوكمه‌ كۆتاییه‌كان به‌ پابه‌ندكردنی ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌جێبه‌جێكردنی حوكمه‌كانی ئه‌و بڕیاره‌ و كارنه‌كردن به‌هیچ ده‌قێكی یاسایی یان بڕیارێك كه‌ له‌گه‌ڵ حوكمه‌كانی ئه‌و بڕیاره‌ ناكۆك بێ، هه‌روه‌ها جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیاره‌ له‌ رۆژی بڵاوبوونه‌وه‌ى له‌ رۆژنامه‌ى قه‌رمیی (وه‌قایعی كوردستان)، دواى خستنه‌ ده‌نگدانیانه‌وه‌ به‌جیا به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سند كران.
پاشان هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنی پێشنیازی بڕیاره‌كه‌ كه‌ دوو پێشنیار هه‌بوو دوای خستنه‌ ده‌نگدانیانه‌وه‌ به‌جیا پێشنیاری دووه‌م كه‌ وه‌ك له‌ پێشنیازی بڕیاره‌كه‌ هاتبوو به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سند كرا و دواتر كۆی بڕیاره‌كه‌ خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و به‌ كۆی ده‌نگی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان په‌سند كرا و به‌م بۆنه‌یه‌شه‌وه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان وێڕای ده‌ربڕینی خه‌مبارى خۆى به‌رامبه‌ر به‌و كاره‌ساته‌، پیرۆزبایی له‌ خوشك و برایانی ئێزدی كرد بۆ ده‌رچوواندنی ئه‌و بڕیاره‌ و به‌مجۆره‌ كۆتایی به‌ دانیشتنه‌كه‌ هێنا.
مه‌به‌ست له‌ ده‌رچوواندنی ئه‌و بڕیاره‌ به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌ری و دابینكردنی ماف و ئیمتیازات و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌و كه‌مكردنه‌وه‌ى ئاسه‌وارى تاوانه‌كانی كۆمه‌ڵكوژیی (جینۆساید) ئێزدییه‌كان و زیندووراگرتن و رێزلێنانه‌ له‌ قوربانییه‌كانی ئه‌و كاره‌ساته‌.