Skip to the content

لیژنه‌ی ڕۆشنبیری له‌گه‌ڵ ده‌رهێنه‌ری سینه‌مایى جانۆ ڕۆژبه‌یانی كۆبووه‌وه‌

به‌مه‌به‌ستی گفتوگركردن بۆ گرنگیدانى زیاتر و به‌ره‌وپێشبردنی فیلمی سینه‌مایی و فیلمی ته‌له‌ڤزیۆنی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا، پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 20/8/2019 لیژنه‌ی ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و وه‌رزش و لاوان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیی لوقمان وه‌ردی سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه‌ له‌ هۆلی لله‌ یژنه‌ ته‌لاری په‌رله‌مان پێشوازییان له‌ ده‌رهێنه‌ری سینه‌مایی كورد هونه‌رمه‌ند جانۆ ڕۆژ به‌یانی كرد.
له‌ دیدارێكدا جانۆ ڕۆژبه‌یانی له‌یاداشتێكدا داوای كرد كه‌ هه‌وڵبدرێت ناوه‌ندی گه‌شه‌پێدانی فیلمسازیی كودستان دابمه‌زرێت كه‌ ئامانج له‌ دروستكردنی ئه‌و ناوه‌نده‌ گرنگیدان و به‌ره‌وپێشبردنی بواری سینه‌مایه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا و هاوكات هاندانی لایه‌نه‌ ده‌ره‌كییه‌كانه‌ بۆ وه‌به‌رهێنان له‌ كوردستان له‌ بواری سینه‌ماییدا كه‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ده‌رخستن و پاراستنی مێژووی ڕاسته‌قینه‌ی كوردستان هاوكات سوودی زۆری داراییشی بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت.
له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ سه‌رۆك و ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ باسیان له‌ گرنگیی بواری سینه‌ما كرد كه‌ پێویسته‌ بۆ ناساندنی مێژوو و كلتووری گه‌لان به‌جیهان، هاوكات پاڵپشتیی خۆیان بۆ داواكارییه‌كانی ده‌ربڕی جانۆ ڕۆژبه‌یانی و به‌ڵێنیاندا له‌ زووترین كات له‌ گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار كۆببنه‌وه‌ و هه‌نگاوی كرداری بنێن بۆ دروستیكردنی ئه‌و ناوه‌نده‌ له‌پێناو خزمه‌تكردنى زیاتر به‌ بواری سینه‌مایی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا.