Skip to the content

لیژنەی ناوچە كوردستانییه‌کانى دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان کۆبووەوه‌

سه‌عات 11:30 پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەمە 2019/8/20 لیژنەی ناوچە كوردستانییه‌کانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم له‌ په‌رله‌مانی كوردستان بەسەرپه‌رشتیی جوان یونس رۆژبه‌یانی سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرو بڕیاردەرو ژماره‌یه‌ك لە ئەندامان و راوێژکارانى لیژنه‌كه‌ لە ھۆڵی مادەی ١٤٠ لە تەلاری پەرلەمان کۆبووەوە.
مەبەست لە کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بوو لەسەر چەند پرسێکی تایبەت بە ئاوارەکانی ناوچە كوردستانییه‌کانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى كه‌ له‌دوای هێرشه‌كانی تیرۆریستانی داعش بۆ سه‌ر سنوورى قه‌زاى شنگال روویان لە دھۆک کرد و بڕیاردرا له‌ماوه‌یه‌كی نزیكی داهاتوودا شاندێكی لیژنه‌كه‌ سەردانی پارێزگای دھۆک بكات بەمەبەستی له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگادربوون له‌ ره‌وشی ئاواره‌كان و گوێگرتن له‌ داواکارییه‌كانیان و لەگەل فەرمانگەکانی قەزای شنگال لە دھۆک-یش کۆببێتەوە.
ته‌وه‌رێكی دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ باسکردن بوو لەسەر چۆنیەتیی دەنگدانی ئاوارەكان لە هه‌ڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کەئێستا لە دەرەوه‌ی پارێزگاکانی خویان نیشتەجێن بۆئەوەی بێبەش نەبن لەدەنگدان.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا لیژنەی ناوچە كوردستانییه‌کانی دەرەوەى ئیدارەی ھەرێم بەم نزیکانە سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆببێتەوە بەمەبه‌ستی چارەسەرکردنی کێشەی کوردانی ناوچە كوردستانییه‌کانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم.