Skip to the content

د.رێواز فایه‌ق به‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ڵبژێردرا

سه‌عات 11ى پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ 11/7/2019، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منى نبى قه‌هوه‌چى سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (14)ى ئاساییی خولی به‌هاره‌ له‌ ساڵی یه‌كه‌می خولی پێنجه‌مى هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تا هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌ناوى خواو گه‌لی كوردستانه‌وه‌ دانیشتنه‌كه‌ى كرده‌وه‌، دواتر له‌لایه‌ن منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌ خوێندرایه‌وه‌ كه‌ له‌سێ خاڵ پێكهاتبوو، خاڵی یه‌كه‌م بریتى بوو له‌ سوێندخواردن و جێگرتنه‌وه‌ى ئه‌و به‌ڕێزانه‌ى ناویان له‌ خواره‌وه‌ هاتووه‌ به‌پێی حوكمى ماده‌ى (27)ى په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان له‌ شوێنی ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ى كه‌ به‌پێی بڕگه‌ى (هه‌شته‌م) له‌ ماده‌ى (22)ى په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان به‌ ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ له‌ ئه‌ندامێتیى په‌رله‌مان هه‌ژمار ده‌كرێن به‌مشێوه‌یه‌، به‌ڕێز له‌نجه‌ ئیبراهیم عه‌بدولڕه‌حمان له‌ شوێنی د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم، به‌ڕێز شیرین یونس عه‌بدوڵا له‌ شوێنی بێگه‌رد دڵشاد شوكرالله، به‌ڕێز هیمداد صالح بلال محمد له‌ شوێنی ئایدن مه‌عروف سه‌لیم، به‌ڕێز باپیر كامه‌لا سه‌لمان كامه‌لا له‌ شوێنی عه‌بدوڵا مه‌حمود محه‌مه‌د.

خاڵی دووه‌می به‌رنامه‌ى كاریش بریتی بوو له‌ میكانیزمی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌پێی حوكمى ماده‌ى (14) و بڕگه‌ى (چواره‌م) له‌ ماده‌ى (15)ى په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق، خاڵی سێیه‌م و كۆتایى به‌رنامه‌ى كاریش بریتی بوو له‌ خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌می پێشنیازی بڕیارى دیاریكردنی رۆژی 3/8/2014 وه‌ك رۆژی كۆمه‌ڵكوژیی ئێزدییه‌كان به‌پێی حوكمى ماده‌كانی (79 و 80 و 82) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق، هه‌روه‌ها كۆنووسى دانیشتنی پێشوو و ناوى ئه‌ندامانى ئاماده‌نه‌بوو و مۆڵه‌تپێدراو خوێندرایه‌وه‌.
به‌ر له‌خستنه‌رووی خاڵه‌كانی به‌رنامه‌ی كار، سه‌رۆكی دانیشتن هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌ناوی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ ئیدانه‌ی تۆپبارانكردنى سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستانی كردو رایگه‌یاند: "به‌داخه‌وه‌ دوێنی له‌پیرانشار و سیده‌كان رووداوی دڵته‌زێن روویانداو هیواى چاكبوونه‌وه‌ بۆ برینداران ده‌خوازین و ئیدانه‌ی هه‌ر تۆپبارانكردنێك و هێرشی فرۆكه‌كان ده‌كه‌ین و له‌هه‌مانكاتیشدا ئیدانه‌ی هه‌ر كرده‌وه‌یه‌كى گروپ و لایه‌نێك ده‌كه‌ین كه‌ خاكی هه‌رێمی كوردستان به‌كاربهێنن له‌دژی وڵاتانی دراوسێ".
راشیگه‌یاند: "وه‌كو په‌رله‌مانی كوردستان له‌گه‌ڵ رێگه‌چاره‌ی ئاشتییانه‌و دیالۆگین بۆ پرسی كورد له‌هه‌ر پارچه‌یه‌كداو لێره‌شه‌وه‌ داواكارین تۆپباران و هێرشی فڕۆكه‌كان بوه‌ستێنرێن و سنوورێك بۆ ئه‌و هێرشانه‌ دابنرێن".
دواتر به‌پێی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌، به‌ڕێزان له‌نجه‌ ئیبراهیم عه‌بدولڕه‌حمان له‌ شوێنی د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم و به‌ڕێز شیرین یونس عه‌بدوڵا له‌ شوێنی بێگه‌رد دڵشاد شوكرالله و به‌ڕێز هیمداد صالح بلال محمد له‌ شوێنی ئایدن مه‌عروف سه‌لیم و به‌ڕێز باپیر كامه‌لا سه‌لمان كامه‌لا له‌ شوێنی عه‌بدوڵا مه‌حمود محه‌مه‌د سوێندخواردنی یاساییان ئه‌نجامداو بوونه‌ ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان.

خاڵی دووه‌می به‌رنامه‌ى كاریش بریتی بوو له‌ میكانیزمی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌پێی حوكمى ماده‌ى (14) و بڕگه‌ى (چواره‌م) له‌ ماده‌ى (15)ى په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق، له‌سه‌ر راسپارده‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و له‌چوارچێوه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆ، دوو گه‌نجترین په‌رله‌مانتار رێككاره‌كانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكێكی نوێیان بۆ په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجامداو پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌یان به‌ڕێوه‌برد، دوو په‌رله‌مانتار خۆیان بۆ ئه‌و پۆسته‌ پاڵاوتبوو كه‌ بریتی بوون له‌ د.رێواز فایه‌ق له‌فراكسیۆنی سه‌وز و شادی نه‌وزاد له‌فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ.دوای ته‌واوبوونی رێككاره‌كانی ده‌نگدانی په‌رله‌مانتاران، سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی راگه‌یاند كه‌ به‌مشێوه‌یه‌ بوو ، د.رێواز فایه‌ق له‌فراكسیۆنی سه‌وز 72 ده‌نگ و شادی نه‌وزاد له‌فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ 16 ده‌نگ و هه‌روه‌ها ده‌نگی هه‌ژمار نه‌كراویش 9 ده‌نگ بوو. به‌مجۆره‌ د.رێواز فایه‌ق بووه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان.

پاشان د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مان سه‌رۆكایه‌تیی دانیشتنه‌كه‌ی وه‌رگرت و له‌وته‌یه‌كدا رایگه‌یاند: "زۆر سوپاس بۆ سه‌رجه‌م فراكسیۆن و ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان و له‌رێگه‌ی ئه‌وانیشه‌وه‌ سوپاسی گه‌لی كوردستان ده‌كه‌م بۆ به‌خشینی ئه‌و متمانه‌یه‌، له‌م ئه‌ركه‌ نوێیه‌ هه‌ستیارو قورسه‌دا هه‌وڵده‌ده‌ین به‌باشترین شێوه‌ خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان بكه‌ین و ئه‌مه‌ش له‌رێگه‌ی كاركردنی پێكه‌وه‌یی له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كان و پره‌نسیپه‌كانی پێكه‌وه‌ژیان دێته‌ دی".
هه‌روه‌ها سوپاسی د.ڤالا فه‌رید سه‌رۆكی پێشووی په‌رله‌مان و ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی كرد كه‌ له‌قۆناغێكی راگوزه‌ردا به‌رپرسیارانه‌ ئه‌ركه‌كانیان راپه‌راندووه‌و گووتی: "رێككه‌وتنی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت و كاراكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم ئاماژه‌ی ئه‌رێنی و جدین و ئه‌مه‌ش ده‌سپێكێكی باش و گرنگه‌ تاوه‌كو په‌رله‌مان وه‌كو مه‌رجه‌عی ده‌ستووری و یاساییی هه‌رێم هه‌نگاوی جدی و گه‌وره‌ بهاوێژێت له‌ پێشخستنی هاوئاهه‌نگیی زیاتر له‌نێوان هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی هه‌رێم و پرۆسه‌ی یاساداناندا".

سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئه‌وه‌شی راگه‌یاند: "له‌ئێستادا كه‌ دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كه‌وتوونه‌ته‌ سه‌ر رێچكه‌ی كۆتاییی كاركردن، ئه‌وا خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان چاوه‌ڕوانی كارو پڕۆژه‌ی كرده‌یین و وه‌ك په‌رله‌مانی كوردستانیش له‌گه‌ڵ ده‌سپێكردنی خولی پایزه‌ی دانیشتنه‌كان كار بكه‌ین بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و ده‌رچوواندنی یاسا گرنگ و له‌پێشینه‌كان و له‌سه‌روو هه‌مووشییانه‌وه‌ په‌سه‌ندكردن و هێنانی پڕۆژه‌ی بودجه‌ی گشتیی هه‌رێم بۆ ناو په‌رله‌مان".
پاش ته‌واوبوونی وته‌كه‌ی، سه‌رۆكی په‌رله‌مان خاڵی سێیه‌می به‌رنامه‌ی كاری خسته‌روو كه‌ تایبه‌تبوو به‌خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌می پێشنیازی بڕیارى دیاریكردنی رۆژی 3/8/2014 وه‌ك رۆژی كۆمه‌ڵكوژیی ئێزدییه‌كان و داوای له‌ لیژنه‌ی یاسایی كرد پێشنیازه‌كه‌ بخوێننه‌وه‌و دوای ته‌واوكردنی خوێندنه‌وه‌ی پڕۆژه‌پێشنیازه‌كه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانه‌وه‌ پێشنیازی یاساكه‌ ئاراسته‌ی لیژنه‌ی یاسایی و لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و په‌رله‌مانتاران كرا بۆ ئه‌نجامدانی رێككاره‌ یاساییه‌كانی و سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانیش پێشنیازی پێدانی سیفه‌تی به‌په‌له‌ى بۆ پڕۆژه‌پێشنیازكراوه‌كه‌ خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌و به‌كۆی ده‌نگ په‌سندكراو داواشی له‌ لیژنه‌ی كاروبارى یاسایی كرد كه‌ هه‌ر ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر پڕۆژه‌ پێشنیازكراوه‌كه‌ كۆببنه‌وه‌.
به‌ر له‌كۆتایی هاتنی دانیشتنه‌كه‌ش سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان له‌راپۆرتێكدا سه‌رجه‌م كارو چالاكییه‌كان و ژماره‌ی دانیشتن و ده‌رچوواندنی ئه‌و بریارو یاسایانه‌ی له‌ماوه‌ی خولی به‌هاره‌ی دانیشتنه‌كانی ئه‌مساڵی په‌رله‌مانی كوردستانى خسته‌ڕوو و به‌مجۆره‌ كۆتایى به‌ دانیشتنه‌كه‌ هیًَنا.