Skip to the content

"خاڵی هاوبه‌شی په‌یوه‌ندیی نێوان گه‌لی كوردو گه‌لی كوه‌یت ئه‌و سته‌مه‌یه‌ كه‌ رژێمی پێشوو لێی كردوون"
سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازی له‌ كونسوڵی گشتیی ده‌وڵه‌تی كوه‌یت له‌ هه‌ولێر ده‌كات

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و كونسوڵی گشتیی ده‌وڵه‌تی كوه‌یت له‌هه‌ولێر جه‌خت له‌سه‌ر به‌رده‌وامیی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ده‌وڵه‌تی كوه‌یت و پته‌وتركردنی له‌سه‌ر ئاستی په‌رله‌مانی هه‌ردوولا ده‌كه‌نه‌وه‌.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌ 9/10/2019، د.رێواز فایق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ نوسینگه‌ی خۆی له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ عومه‌ر ئه‌حمه‌د ئه‌لكه‌نده‌ری كونسوڵی گشتیی ده‌وڵه‌تی كوه‌یت له‌ هه‌ولێر كرد.
له‌دیدارێكدا باس له‌بارودۆخی سیاسیی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و دواپێشهاته‌كان له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌و ره‌وشی ئێستای عێراق و پرۆسه‌ی سیاسی و گرژی و ئاڵۆزییه‌كان كه‌ به‌هۆی خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌ جۆرێك له‌ ناسه‌قامگیریی لێكه‌وتۆته‌وه‌ كرا.
سه‌باره‌ت به‌په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ده‌وڵه‌تی كوه‌یت، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند: "خاڵی هاوبه‌شی په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌ردوو گه‌لی كوردو ده‌وڵه‌تی كوه‌یت بۆ ئه‌و زوڵمه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌رژێمی پێشوو له‌ هه‌ردوولامانی كردووه‌"، هه‌روه‌ها زۆر سوپاسی ده‌وڵه‌تی كوه‌یتى كرد كه‌ له‌ماوه‌ی رابردوودا له‌كاتی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی شه‌ڕی داعشدا هاوكاریی ئاواره‌كانیان كردووه‌و هیوای خواست ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ به‌رده‌وامییان هه‌بێت و له‌سه‌ر ئاستی په‌رله‌مانی هه‌ردوولا به‌هێزتر بكرێت.
لای خۆیه‌وه‌ عومه‌ر ئه‌حمه‌د ئه‌لكه‌نده‌ری كونسوڵی گشتیی ده‌وڵه‌تی كوه‌یت له‌هه‌ولێر سوپاسی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانی كرد بۆ ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌و رایگه‌یاند: "ئێمه‌ له‌گه‌ڵ برا كورده‌كانمان چاكتر له‌یه‌كتری تێده‌گه‌ین، له‌به‌رئه‌وه‌ی هاوئازارو و مه‌ینه‌تی بووین له‌ماوه‌ی حوكمی رژێمی پێشووداو به‌هه‌لومه‌رجێكی هاوشێوه‌دا تێپه‌ڕیوین، پێكهاته‌ی هه‌رێمی كوردستان نموونه‌یه‌كی جوانی پێكه‌وه‌ژیانه‌، هیواخوازین ئه‌مه‌ی له‌به‌غدا رووده‌دات ره‌نگدانه‌وه‌ی نه‌بێت له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان"، گووتیشی: "به‌رده‌وام ده‌بین له‌ هاوكارییه‌كانمان بۆ ئاواره‌كان به‌تایبه‌ت له‌ كوردستان كه‌ رێكخراوه‌كان هاوئاهه‌نگ و ده‌ستپێشخه‌رن له‌م پرۆسانه‌دا".
له‌كۆتایی میواندارییه‌كه‌شدا هه‌ردوولا ئاڵوگۆڕی دیاریی سیمبولیان كردو د.رێواز فایق قه‌ڵغانی په‌رله‌مانی كوردستانی پێشكه‌شی د.عومه‌ر ئه‌حمه‌د ئه‌لكه‌نده‌ری كونسوڵی گشتیی ده‌وڵه‌تی كوه‌یت له‌ هه‌ولێر كرد.