Skip to the content

لیژنه‌ى كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى به‌دواداچوون بۆ كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كات

سه‌عات 12ى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌ 8/10/2019، لیژنه‌ى كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى و داكۆكیكردن له‌ مافى ئافره‌ت و له‌ مافى مرۆڤ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیى رۆمیۆ هه‌كارى سه‌رۆكى لیژنه‌و شادى نه‌وزاد ئه‌ندامى لیژنه‌كه‌ پێشوازیى له‌ خانه‌واده‌یه‌كى ده‌ڤه‌رى سۆران كرد كه‌ مه‌به‌ستی گه‌یاندنی كێشه‌یه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تیی خۆیان به‌ لیژنه‌كه‌ سه‌ردانی په‌رله‌مانی كوردستانیان كردبوو.
له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا خانه‌واده‌كه‌ باسیان له‌ كێشه‌كه‌یان و كرد و سه‌رجه‌م ئه‌و به‌ڵگانه‌شیان سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌كه‌ پێشكه‌ش به‌ لیژنه‌كه‌ كرد و ئه‌وانیش له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ به‌ڵێنى ئه‌وه‌یان پێدان كه‌ به‌دواداچوون بۆ كه‌یسه‌كه‌یان بكرێت و بگه‌یه‌نرێت به‌ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار به‌مه‌به‌ستى چاره‌سه‌ركردنى.
هه‌ر هه‌مان رۆژ، رۆمیۆ هه‌كارى سه‌رۆكى لیژنه‌ی كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى و داكۆكیكردن له‌ مافى ئافره‌ت و له‌ مافى مرۆڤ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌یاوه‌ریى به‌شێك له‌ ئه‌ندامان و راوێژكارانى لیژنه‌كه‌ پێشوازیی كرد له‌ رانیه‌ حه‌دادین سه‌رۆكى رێكخراوى مافى مرۆڤى وڵاتى ئوردن.
له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا گفتوگۆ له‌سه‌ر چۆنیه‌تیى دروستكردنی هه‌ماهه‌نگى و سوودوه‌رگرتن له‌و پڕۆژه‌یاسایانه‌ى كه‌ په‌یوه‌ستن به‌مافه‌كانى مرۆڤ و ئافره‌تان و پێشخستنى كۆمه‌ڵگه‌ كرا .