Skip to the content

سه‌ردانی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بۆ لاى حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌رده‌وامه‌

لەدرێژەی سه‌ردان و كۆبوونه‌وەکانی له‌گه‌ڵ حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەمەبەستی دروستکردنی کۆدەنگی لەسەر مەسەلەی نوسینەوەی دەستوور و کۆمەڵیک پرسی چارەنووسساز، نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشه‌مه‌ ١١/٩/٢٠١٩، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بەسەرۆکایەتیی د.رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و منی نبی قه‌هوەچی سکرتێری پەرلەمان سەردانی حزبی شیوعیی کوردستانی کردو لەلایەن د.کاوە مه‌حمود سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی حزبەکە پێشوازیی لێکرا.
لە کۆبوونەوەکەدا دەستەی سەرۆکایەتیی په‌رله‌مانى كوردستان مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كانیان بۆ لای حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان خسته‌ڕوو، كه‌ بۆ دروستكردنى كۆده‌نگییه‌ له‌سه‌ر کۆمەڵێک بابه‌ت كه‌ ره‌هه‌ندی چاره‌نووسسازیان هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌رێمی كوردستان، له‌وانه‌ نوسینه‌وه‌ى ده‌ستوورى هه‌رێمی كوردستان و پشتیوانیكردن له‌ كارنامه‌ى حكومه‌تی هه‌رێم و پرۆسه‌ی چاكسازى و دانوستاندنه‌كانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی ناوه‌ند، سه‌باره‌ت به‌ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانى عێراق-یش داوایان کرد سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەیەک لیست بەشداری له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا بکەن.
لەلایەن خۆیانەوە سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی و ئه‌ندامانى مه‌كته‌بی سیاسیی حزبی شیوعیی کوردستان خۆشحاڵیی خۆیان به‌و هەنگاوە گرنگەی پەرلەمانی کوردستان بۆ لای حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان نیشانداو پشتیوانیی تەواویشیان لە پەرلەمانی کوردستان کرد لە دانانی ئەو ئەولەویەتانەو ئامادەیییان بۆ پشتیوانیکردن لە پرۆسه‌ی چاکسازی و نوسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان دەربڕی، هاوڕاشبوون لەوەی یەکریزی بپارێزن و چارەسەرکردنی کێشەکان و پرسە نیشتیمانییەکان لەسەرووی بەرژەوەندییە حزبییەکان بێت.
پاشان لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان بۆ دەزگاکانی راگەیاندن خستەڕوو.