Skip to the content

سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان له‌گه‌ڵ كونسوڵی نوێی فه‌ره‌نسا له‌ هه‌رێمی كوردستان كۆبووه‌وه‌

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و كونسوڵی گشتیی فه‌ره‌نسا له‌ هه‌رێمی كوردستان جه‌خت له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدرالیى عێراق له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستووردا ده‌كه‌نه‌وه‌.
پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌ 10/9/2019، د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان له‌ نوسینگه‌ی تایبه‌تیی خۆى له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان پێشوازیى كرد له‌ ئۆلیڤێ دیكۆتێنێز كونسوڵی گشتیی فه‌ره‌نسا له‌ هه‌رێمی كوردستان.
له‌ دیدارێكدا د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان وێڕای پیرۆزبایی له‌ به‌ڕێزیان به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونى وه‌ك كونسوڵی نوێى فه‌ره‌نسا له‌ هه‌رێمی كوردستان، باسی له‌ دواین پێشهات و ره‌وشی سیاسیى ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستان و عێراق كردو ئاماژه‌ی به‌هه‌وڵه‌كانی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كرد بۆ دروستكردنی كۆده‌نگی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك بابه‌تی چاره‌نووسساز له‌گه‌ڵ هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به‌نوسینه‌وه‌ى ده‌ستوورى هه‌رێم و پرۆسه‌ی چاكسازی و چه‌سپاندنی ئارامی و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری به‌ هاووڵاتییان و هه‌ماهه‌نگیی زیاتر و بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غداو چاره‌سه‌ركردنی بنه‌ڕه‌تیی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدڕالیی عێراق له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووردا.
په‌یوه‌ندیی مێژوویی نێوان گه‌لى كورد و گه‌ل و حكومه‌تی فه‌ڕه‌نسا ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیدارى نێوان سه‌رۆكی په‌رله‌مان و كونسوڵی گشتیی فه‌ره‌نسا بوو، له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان سوپاسی حكومه‌ت و گه‌لى فه‌ره‌نساو هاوپه‌یمانانی كرد كه‌ له‌ شه‌ڕی دژ به‌داعش هاوكارو پشتیوانی كورد و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بوون و هیوای خواست كه‌ په‌رله‌مان و حكومه‌تی فه‌ره‌نسا ده‌رفه‌تی زیاتر بڕه‌خسێنن بۆ هه‌ماهه‌نگیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و فه‌ره‌نسا له‌ سێكته‌ره‌ جیاوازه‌كاندا و كونسوڵی فه‌ره‌نساش رۆلی كاریگه‌رى خۆی له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ببینێ.
له‌ به‌رامبه‌ردا كونسوڵی گشتیی فه‌ره‌نسا له‌ هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یى خۆی و وڵاته‌كه‌ی ده‌ربڕی بۆ هه‌ماهه‌نگی و هاوكاریكردنی هه‌رێمی كوردستان له‌پێناو چه‌سپاندنی سه‌قامگیریی سیاسی و ئابوورى و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووردا.