Skip to the content

لیژنەی پێشمەرگە له‌گه‌ڵ وه‌زیرى كاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان كۆبووه‌وه‌

ڕۆژى سێشه‌مە ‌۱۰/۹/۲۰۱۹ لیژنەی پێشمەرگەو ناوخۆو ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێیەکان له‌په‌رله‌مانی كوردستان بەسەرۆكایه‌تیی رێڤینگ محه‌مه‌د هروری سەرۆکی لیژنەو عوسمان سێدەری جێگری سەرۆکی لیژنەو شاخەوان رەئوف مستەفا بڕیاردەری لیژنەو ئەندامانی لیژنەكه‌ سەردانی وەزارەتی كاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوانی کردو له‌لایه‌ن عه‌بدوڵا حاجى مه‌حمود وه‌زیرى كاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان پێشوازیی لێكرا.
له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ راوێژکارو بەڕێوەبەرانی به‌شه‌كانی سه‌ر به‌وەزارەته‌كه‌ ئاماده‌ی بوون گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی كه‌سوكارى شەهیدانی پێشمەرگەو داواکارییەکانیان و بەدواداچوون بۆ باشترکردنی ژیان و گوزه‌رانیان و هەروەها چاکسازیکردن لە لیستی شەهیدان كراو هەردوولا تێبینی و راو پێشنیازەکانی خۆیان له‌سه‌ر ئه‌و پرسانه‌ خستەڕوو.
هه‌ر له‌ کۆبوونەوەكەدا شێوازی هەماهەنگیکردن لەگەڵ یەکتر جه‌ختی له‌سه‌ر كرایه‌وه‌ بەتایبەت لەكاتى ئامادەکردنی پڕۆژەیاساو ده‌ركردنی بڕیاری پێویست بۆ باشتركردنی ژیان و گوزه‌رانی كه‌سوكارى شه‌هیدانی پێشمه‌رگه‌، هەردوولا جەختیشیان لەسه‌ر کاری پێکەوەیی و هەبوونی هەماهەنگیی زیاتر لەنێوانیاندا كرده‌وه‌.