Skip to the content

د.رێواز فایه‌ق: "له‌هه‌ر شوێنێك مه‌ترسی كه‌وتبێته‌ سه‌رژیانی پێكهاته‌ جیاوازه‌كان په‌نایان بۆ كوردستان هێناوه‌"

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 2019/12/3، د.ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پێشوازیی كرد له‌ دێڤد ئاڵتون ئه‌ندامی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و به‌رگری له‌ ئه‌نجوومه‌نی لۆردانی به‌ریتانی.
له‌دیدارێكدا كه‌ ته‌وه‌ری گفتوگۆكان له‌باره‌ی مۆزایك و پێكهاته‌ ئاینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و جینۆسایدی گه‌لی كورده‌وه‌ بوو، د.ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ڕایگه‌یاند: "جوانییه‌ك و تایبه‌تمه‌ندییه‌كی هه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵكه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ئاسانی ده‌توانێت له‌گه‌ڵ ئاین و نه‌ته‌وه‌و مه‌زهه‌به‌كانی تردا بژیێت و له‌هه‌ر شوێنێكی عێراق مه‌ترسی بكه‌وێته‌ سه‌رژیانی پێكهاته‌كان ئه‌وان په‌نا دێنن بۆ كوردستان، ئه‌م گیانی ته‌بایی و یه‌كترقبوڵكردن و جیاوازییه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ئاستی سیسته‌می سیاسی كاری بۆ كراوه‌، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ فه‌رهه‌نگ و كلتوری كۆمه‌ڵایه‌تیی خه‌ڵكی كوردستان ئاماده‌گیی تێدایه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌و ئاینه‌كانی تر به‌بێ جیاوازی بژیێت".
لایه‌نێكی تری گفتوگۆكانی نێوانیان تایبه‌ت بوو به‌قۆناغه‌كانی كۆمه‌ڵكوژیی گه‌لی كورد، له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان باسی هه‌رسێ قۆناغی ئه‌نفال و كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ی كرد كه‌ له‌نێوان ساڵانی 1983 ئه‌نفالی هه‌شت هه‌زار بارزانی ده‌ستپێده‌كات تا كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌و شه‌هیدكردنی پێنج هه‌زار هاووڵاتیی بێتاوان و دواقۆناغی ئه‌نفالیش تیایدا 182000 هاووڵاتیی بێتاوان له‌ ژن و منداڵ به‌ده‌ستی ڕژێمی پێشوو جینۆساید كران، بۆیه‌ په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌م تاوانانه‌ی وه‌ك جینۆسایدی گه‌لی كورد ناساندووه‌، هه‌روه‌ها بڕیاری ژماره‌ 3 كه‌ تایبه‌ته‌ به‌جینۆسایدی ئێزدییه‌كان دواین بڕیاره‌ كه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ ده‌رچووبێت سه‌باره‌ت به‌ كۆمه‌ڵكوژیی گه‌لی كورد.
له‌ ته‌وه‌رێكی تری قسه‌كانیدا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ئاماژه‌ی به‌یاسای پاراستنی مافی پێكهاته‌كان كرد كه‌ له‌خولی ڕابردوودا ده‌رچووه‌ له‌پێناو پاراستنی مافه‌ كلتوری و ڕۆشنبیرییه‌كانیان، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌یاسای هه‌ڵبژاردنیش كرد كه‌ مافی پێكهاته‌و ئاینه‌كان جێگیركراوه‌ تێیدا.
له‌ كۆتاییدا لۆرد دێڤد ئاڵتون ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی لۆردانی به‌ریتانی سوپاسی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانی كرد بۆ ئه‌و ڕوونكردنه‌وه‌و به‌رچاوڕوونییانه‌ی كه‌ پێشكه‌شی كردن و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست له‌ به‌جێگه‌یانی ئه‌ركه‌ په‌رله‌مانییه‌كانی له‌ سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌ماندا.