Skip to the content

له‌ رێوڕه‌سمێكى شایسته‌دا رۆژى ئاڵاى كوردستان و رۆژی دایك به‌رز ڕاگیرا

سه‌عات 10:30ى پێش نیوه‌رۆى ئه‌مڕۆ 2019/12/17، به‌ئاماده‌بوونى د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان و هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منى نبى قه‌هوه‌چى سكرتێرى په‌رله‌مان و سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان و ژماریه‌كى به‌رچاو له‌ ئه‌ندامانى په‌رله‌مان و سه‌رۆكی دیوانى په‌رله‌مان و جێگرى سه‌رۆكی ديوان و فه‌رمانبه‌ران و كارمه‌ندانى په‌رله‌مان له‌ رێوره‌سمێكى شایسته‌دا رۆژى ئاڵاى كوردستان و رۆژی دایك به‌رز راگیرا.
سه‌ره‌تاى رێوڕه‌سمه‌كه‌ له‌گه‌ڵ سروودى نیشتیمانیی ئه‌ى ره‌قیب به‌ساتێك وه‌ستان بۆ گیانى پاكى شه‌هیدانى كوردستان ده‌ستى پێكرد، دواتر له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ ئاڵاى كوردستان به‌رزكرایه‌وه‌.
پاشان به‌وبۆنه‌یه‌وه‌ سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان وتارێكی پێشكه‌ش كردو تیایدا تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌و سه‌روه‌رى و داستانانه‌ى كه‌ له‌ مێژووی شۆڕشی نه‌ته‌وه‌و گه‌لان ده‌بنه‌مایه‌ی ئیلهام به‌خشین بۆ هونه‌رمه‌ندان و داهێنه‌رانی تا بیكه‌ن به‌هێماو نیشانه‌و نه‌خشاندنی ئاڵاكه‌یان و‌ تیایدا سه‌رجه‌م قۆناغه‌كانی مێژوو و به‌ها پیرۆزه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی ڕه‌نگبداته‌وه‌و راشیگه‌یاند: "گه‌لی كوردیش به‌ده‌ر نییه‌ له‌هه‌ر میلله‌تێكی دیكه‌ كه‌ خاوه‌نی سه‌دان داستان و شۆڕشی گه‌وره‌یه‌ له‌مێژووداو له‌هه‌ر قۆناغێكی شۆڕشه‌كانیشیدا خاوه‌نی ئاڵاو په‌رچه‌می خۆی بووه‌، ئاڵایه‌ك كه‌هه‌موو ڕه‌نگه‌كانی پێناسه‌ن بۆ شۆڕش و ئاشتی و ژینگه‌و ژیان"، ئەمە خوارەوە دەقی وتارەکەی د.ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانە:

به‌ناوى خواى گه‌وره‌ى میهره‌بان
به‌ڕێزان
ئاماده‌بووانى به‌ڕێزى مه‌راسیمى ڕۆژى ئاڵاى كوردستان
له‌مێژووى هه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌كدا كۆمه‌ڵێك سه‌روه‌رى و داستان و نه‌به‌ردى هه‌ن كه‌ دواجار بوونه‌ته‌ مایه‌ى ئیلهام به‌خشین بۆ هونه‌رمه‌ندان و داهێنه‌رانى، تا بیكه‌ن به‌ هێماو نیشانه‌و نه‌خشاندنى ئاڵاكه‌یان، كه‌ تێیدا سه‌رجه‌م قۆناغه‌كانى مێژوو به‌ها پیرۆزه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانى ڕه‌نگبداته‌وه‌، گه‌لى كوردیش به‌ده‌ر نیه‌ له‌ هه‌رمیلله‌تێكى دیكه‌ كه‌ خاوه‌نى سه‌دان داستان و شۆرشى گه‌وره‌یه‌ له‌ مێژوو دا و له‌ هه‌ر قۆناغێكى شۆڕشه‌كانیشیدا خاوه‌نى ئاڵاى خۆى بووه‌، ئاڵایه‌ك كه‌ هه‌موو ڕه‌نگه‌كانى پێناسه‌ن بۆ شۆڕش و ئاشتى و ژینگه‌و ژیان.
خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌م ئاڵایه‌ كه‌ به‌سه‌رمانه‌وه‌ ده‌شه‌كێته‌وه‌ مایه‌ى شانازى هه‌موو كوردێكه‌، كه‌ بۆ یه‌كه‌م جار له‌ سه‌رده‌مى كۆمارى مهاباد له‌ ڕێو ڕه‌سمێكى شكۆداردا به‌ ئاماده‌بوونى پێشه‌وا قازى محمد له‌ شارى مهاباد هه‌ڵكرا، كه‌ به‌ داخێكى گه‌وره‌وه‌ زۆرى نه‌خایاند به‌هۆى پیلانى داگیركه‌رانى كوردستان، دواجار ئه‌زموونى یه‌كه‌م كۆمارى كوردستان له‌ بار برا.
خۆشه‌ویستان ئاماده‌بوانى ئه‌م ڕێوڕه‌سمه‌ شكۆداره‌، به‌درێژایی مێژوو مرۆڤى كورد خه‌ون و ئاواتى گه‌وره‌ى ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ ئاڵاى كوردستان به‌سه‌ر سه‌رى و خاكه‌ پیرۆزه‌كه‌یدا بشه‌كێته‌وه‌،
خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌م هیواو ئاواته‌ى گه‌لى كوردستان له‌ دواى ڕاپه‌ڕینى ئازارى 1991 دواى نیوسه‌ده‌ بۆ جارێكى تر له‌ خه‌ونه‌وه‌ بویه‌وه‌ به‌ واقیع، وه‌ له‌ پێناو به‌ ڕه‌سمى ناساندنى ئه‌م ئاڵا پیرۆزه‌ له‌ ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تى و هه‌رێمى و هه‌روه‌ها ناوخۆیشدا، په‌رله‌مانى كوردستان به‌ بڕیارى ژماره‌ (48) ڕۆژى 17 ى كانوونى یه‌كه‌مى هه‌موو ساڵێكى به‌ ڕۆژى ئاڵاى كوردستان ناساند.

خۆشه‌ویستان
لایه‌نێكى ترى ئه‌م بۆنه‌یه‌ و جوانیه‌كى ترى ئه‌م بۆنه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ڕۆژى (دایك)، وه‌ بۆ ئێمه‌ى كورد ئه‌م مێژووه‌ ڕهه‌ندێكى قوڵترو زیاتر له‌ واتایه‌ك ده‌به‌خشێت، چونكه‌ گه‌لێك جار مرۆڤ وابه‌سته‌یی خۆى به‌ خاك و نیشتیمان ئاڵا سه‌ركه‌شه‌كه‌یه‌وه‌ به‌ په‌یوه‌ندى نێوان خۆى و دایكى ده‌چوێنێت، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر بۆ هه‌ر تاكێكى سه‌ر ئه‌م گۆى زه‌ویه‌ ئه‌م ڕۆژه‌ یه‌ك واتاو یه‌ك پیرۆزى هه‌بێت بۆ ئێمه‌ى كوردستانیان دوو جار پیرۆزه‌، كه‌ جارێكیان بۆ خۆشه‌ویستى دایكه‌و ئه‌ویتریش بۆ پیرۆز كردنى ڕۆژى ئاڵاى كوردستانه‌.
له‌ كۆتاییدا جارێكى تر سوپاسى ئاماده‌بوونتان ده‌كه‌م بۆ به‌شدارى كردن له‌م یاده‌ شكۆداره‌دا وه‌ هه‌روه‌ها سوپاسى رێكخه‌ران و ئاماده‌كه‌رانى ئه‌م مه‌راسیمه‌ شایسته‌یه‌ ده‌كه‌م. خواى گه‌وره‌ پشت و په‌نامان بێت، سه‌رفرازى بۆ گه‌لى كورد، هه‌ر به‌رزو شه‌كاوه‌ بێت ئاڵاى پیرۆزى كوردستان.