Skip to the content

لیژنه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى و داكۆكیكردن له‌ مافی مرۆڤ تاووتوێى كه‌یسێكی گه‌نده‌ڵی ده‌كات

به‌مه‌به‌ستى تاووتوێكردنى كه‌یسێكی گه‌نده‌ڵیى سه‌رۆكى ده‌سته‌ى مافى مرۆڤ و ئه‌و كێشه‌و داواكارییانه‌ى كه‌ له‌لایه‌ن هاووڵاتییانه‌وه‌ ئاراسته‌ى لیژنه‌كه‌ كراون، سه‌عات 10ى به‌یانیى ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌ 3/12/2019، لیژنه‌ى كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى و داكۆكیكردن له‌ مافى مرۆڤ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیى رۆمیۆ هه‌كارى سه‌رۆكى لیژنه‌كه‌ كۆبووه‌وه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ به‌ئاماده‌بوونى جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌و بڕیارده‌رو ئه‌ندامان و راوێژكارانى لیژنه‌كه‌ به‌ڕێوه‌چوو، تاووتوێی تێوه‌گلانى سه‌رۆكى ده‌سته‌ى سه‌ربه‌خۆى مافى مرۆڤى هه‌رێمى كوردستان به‌ كه‌یسێكی گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ كرا به‌پێى راپۆرتى دیوانى چاودێریى دارایی.
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئه‌و كێشه‌و داواكارییانه‌ى هاووڵاتییان كه‌ په‌یوه‌ست بوون به‌كارى لیژنه‌كه‌ تاووتوێ كران، به‌بۆنه‌ى رۆژى جیهانیى خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌ته‌كانیش جگه‌ له‌ ئاراسته‌كردنى گه‌رمترین پیرۆزبایی، لیژنه‌كه‌ دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ له‌ یاساكاندا مافه‌كانیان ده‌سته‌به‌ر ده‌كه‌ن.
له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌ لیژنه‌كه‌ بڕیاریدا كه‌ ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى لیژنه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان كۆببێته‌وه‌ له‌سه‌ر بابه‌تى تێوه‌گلان به‌ گه‌نده‌ڵى سه‌رۆكى ده‌سته‌ى سه‌ربه‌خۆى مافى مرۆڤ له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌پێى راپۆرتى دیوانى چاودێرى دارایی.