Skip to the content

لیژنه‌ی ده‌سپاكی له‌گه‌ڵ ئه‌نوه‌ر تونسی شاره‌زا له‌بواری ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی كۆبووه‌وه‌

به‌مه‌به‌ستی پێدانی زانیاری و دروستكردنی هه‌ماهه‌نگی، پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2019/12/3، لیژنه‌ی ده‌سپاكی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیی سه‌عید هه‌ركی جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه‌ پێشوازیى كرد له‌ ئه‌نوه‌ر تونسی شاره‌زا له‌ بوارى ڕووبه‌رووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌گرتووه‌كان و شاندێكی ده‌سته‌ی ده‌سپاكیی هه‌رێمی كوردستان.
له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ له‌هۆڵی لیژنه‌ به‌ڕێوه‌چوو ئه‌ندامانی لیژنه‌ كورته‌یه‌كیان سه‌باره‌ت به‌ كارو چالاكییه‌كانی لیژنه‌كه‌و هه‌نگاوه‌كانی ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵییان له‌ هه‌رێمی كوردستان باسكردو دروستكردنی په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگی و ئاڵوگۆڕی زانیارییان به‌گرنگ زانی و سوپاسی سه‌ردانه‌كه‌یان كردن.
له‌لایه‌ن خۆشیانه‌وه‌ شاندی میوان سوپاسی گرنگی پێدان و هه‌وڵه‌كانی لیژنه‌كه‌یان كرد كه‌ له‌ماوه‌ی كاركردنیاندا هه‌نگاوی باشیان ناوه‌و چاودێرێكی باشبوونه‌ له‌سه‌ر كۆی گشتیی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن و كاری مه‌یدانی و به‌دواداچوونی كردارییان كردووه‌و به‌پێویستیان زانی به‌هه‌موو لایه‌ك هه‌وڵبدرێت دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی بنبڕ بكرێت و خۆشحاڵیی خۆشیان ده‌ربڕی به‌وه‌ى كه‌ سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كان به‌ ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ له‌هه‌وڵی جدیدان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌و كۆتایهێنان به‌م دیارده‌یه‌و به‌ڵێنی هه‌موو هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییه‌كاندا بۆ نه‌هێشتنی ئه‌م دیارده‌یه‌.