Skip to the content

لیژنه‌ی یاسایيی په‌رله‌مان له‌باره‌ی ناردنه‌وه‌ی یاسای ژماره‌ 3ی ساڵی 2019 كۆده‌بێته‌وه‌

به‌مه‌به‌ستی تاووتوێكردنی بڕیاری ژماره‌ 4ی ساڵی 2019ى سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم بۆ ناردنه‌وه‌ی یاسای ژماره‌ 3ی ساڵی 2019 یاسای به‌خاوه‌نكردنی ئه‌و زه‌وییانه‌ی زێده‌رۆییان له‌سه‌ركراوه‌ له‌سنووری شاره‌وانییه‌كان له‌هه‌رێم، سه‌عات 1ى دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 2/12/2019، لیژنه‌ی كاروبارى یاساییی په‌رله‌مانی كوردستان كۆبووه‌وه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا‌ كه‌ به‌سه‌رپه‌رشتیی بژار كۆچه‌ر سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌ و بڕیارده‌رو ئه‌ندامان و راوێژكارانی لیژنه‌كه‌ به‌ڕێوه‌چوو، تێبنییه‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم به‌بریاری ژماره‌ 4ی ساڵی 2019 بۆ ناردنه‌وه‌ی یاسای ژماره‌ 3ی ساڵی 2019 یاسای به‌خاوه‌نكردنی ئه‌و زه‌وییانه‌ی زێده‌رۆییان له‌سه‌ركراوه‌ له‌سنووری شاره‌وانییه‌كان له‌هه‌رێم تاووتوێ كرا.
بڕیاردرا دوای په‌سندكردنی تێبینییه‌كان و پێشنیازو سه‌رنجی ئه‌ندامانی لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مان له‌چوارچێوه‌ی راپۆرتێكدا له‌سه‌ر بنه‌ماكانی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بكرێت تاوه‌كو له‌دانیشتنه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مان رێككاره‌ یاساییه‌كانی بۆ ئه‌نجامبدرێت.