Skip to the content

هه‌ردوو لیژنه‌ی ده‌سپاكی و شاره‌وانی له‌گه‌ڵ بریكاری وه‌زیری شاره‌وانى و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیى ئاووئاوه‌ڕۆى هه‌رێم كۆبوونه‌وه‌

له‌سه‌ر داوای هه‌ردوو لیژنه‌ی ده‌سپاكی و لیژنه‌ی شاره‌وانى به‌مه‌به‌ستی به‌رچاوڕوونی و پێدانی زانیاری سه‌باره‌ت به‌كێشه‌و كه‌موكوڕییه‌كانی قۆناغه‌كانی به‌ستنی ئامێری پێوه‌ری ئاوی ماڵان، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌ 2019/12/2، هه‌ردوو لیژنه‌ی ده‌سپاكی و لیژنه‌ی شاره‌وانی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌ردوو لیژنه‌كه‌و به‌ئاماده‌بوونی د.ڤالا فه‌رید وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری په‌رله‌مان و ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی هه‌ردوو لیژنه‌كه‌ پێشوازییان كرد له‌ بریكاری وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و به‌ڕێوبه‌ری گشتیی ئاووئاوه‌ڕۆی هه‌رێمی كوردستان.
سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌ بریكاری وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار كورته‌باسێكی ده‌رباره‌ی گرنگیی ئاو وه‌ك سامانێكی نه‌ته‌وه‌یی و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی هه‌رێمی كوردستان خسته‌ڕوو و باسی له‌ گرنگیی هۆشیاریی هاووڵاتییان كرد بۆ پاراستن و به‌هه‌ده‌رنه‌دانی ئاو وه‌ك یه‌كێك له‌سه‌رچاوه‌ گرنگه‌كانی ژیان.
دواتر به‌ڕێوبه‌ری گشتیی ئاووئاوه‌ڕی هه‌رێمی كوردستان بابه‌تێكی تێروته‌سه‌لی له‌سه‌ر بیرۆكه‌و قۆناغه‌كانی به‌ستنی پێوه‌ری ئاوی ماڵان و ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی كه‌ ئامێره‌كان هاورده‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن خسته‌ڕوو، هاوكات باسی له‌وه‌ كرد كه‌ دانانی ئه‌م پێوه‌ری ئاوه‌ هۆكارێكه‌ بۆ چه‌سپاندنی دادپه‌روه‌ری له‌به‌كارهێنان و دابه‌شكردنی ئاوو ڕێگری ده‌كات له‌ به‌فیڕۆدانی ئاو، دواتر كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی باسكرد له‌وانه‌ خوێندنه‌وه‌ی هه‌واو هه‌ندێك هه‌ڵه‌ كه‌ ئامێره‌كان به‌هه‌ڵه‌ ژماره‌ ده‌خوێننه‌وه‌و ڕێگه‌چاره‌سه‌ريشى خسته‌ڕوو.
لای خۆیانه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌ردوو لیژنه‌و ئه‌ندامانی په‌رله‌مان سه‌رنج و سكاڵا و پرسیاری خۆیان و هاووڵاتییانیان ئاراسته‌ی ستافی وه‌زاره‌ت كردو جه‌ختیان له‌سه‌ر هه‌بوونی كۆمه‌ڵێك كێشه‌و كه‌موكوڕی و كه‌مته‌رخه‌میی به‌شێك له‌ كۆمپانیاكانی كه‌ به‌م كاره‌ هه‌ڵساون كردو داوای چاره‌سه‌ری خێرایان كرد بۆئه‌وه‌ی هیچ هاووڵاتییه‌كی هه‌رێمى كوردستان زه‌ره‌رمه‌ند نه‌بێت و لای خۆشیانه‌وه‌ ستافی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی به‌ڵێنیاندا هه‌ر كێشه‌یه‌ك له‌توانای ئه‌وان بێت چاره‌سه‌ری ده‌كه‌ن و جه‌ختیشیان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ په‌رله‌مانی كوردستان و لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان هاوكاربن بۆ به‌سیسته‌مكردنی دابه‌شكردنی ئاو.
له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا بڕیاردرا له‌ ڕاپۆرتێكی هاوبه‌شی هه‌ردوو لیژنه‌ی ده‌سپاكی و شاره‌وانی ده‌رئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بكه‌ن.