Skip to the content

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەشداری لە کۆنفرانسی (بەرەو دەستورێکی هاوچەرخ بۆ هەرێمی کوردستان -عێراق) لە زانکۆی کۆیە کرد

ئه‌مڕۆ چوارشەممە 27/11/2019 د. ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر بانگهێشتی زانكۆی كۆیه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌ كۆنفرانسی (به‌ره‌و ده‌ستورێكی هاوچه‌رخ بۆ هه‌رێمی كوردستان – عێڕاق) ووتارێكی پێشكه‌شكرد.

له‌ ووتاره‌كه‌یدا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌وردی تیشكی خسته‌ر زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری ڕه‌هه‌نده‌ سیاسی ویاسایی و مێژووییه‌كانی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستورو ئاماژه‌ی به‌ هه‌موو له‌مپه‌ر وبه‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م نووسینه‌وه‌ی ده‌ستور له‌ قۆناغه‌ جیا جیاكانی دوای ڕاپه‌ڕینی گه‌لی كوردستان له‌ ئازاری 1991 كرد، هه‌روه‌ها شیكارییه‌كی ووردی له‌مه‌ڕ ئه‌و ئاڵانگارییانه‌ خسته‌ ڕوو كه‌ له‌ ڕابردوو و له‌ ئێستاشدا بوونه‌ته‌ هۆكاری دواكه‌وتنی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان ،سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ ووتاره‌كه‌یدا جه‌ختی كرده‌وە له‌سه‌رئه‌وه‌ی كه‌ نزیكترین ڕێگه‌ بۆ  گه‌یشتن به‌ نووسینی ڕه‌شنووسی ده‌ستوور ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خاڵی هاوبه‌شی جیاوازییه‌كان بدۆزرێته‌وه‌ و هه‌ر لایه‌ك سازش له‌سه‌ر هه‌ندێك له‌ خواسته‌كانی بكات بۆ گه‌یشتن به‌ ڕێكه‌وتن، به‌مه‌رجێك سازش نه‌كرێت له‌سه‌ر ماف وئازادییه‌كان و ئاینده‌ی پرۆسه‌ی دیموكراسی و پێكه‌وه‌ ژیان.

هه‌ر له‌ ووتاره‌كه‌یدا د. ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ڕایگه‌یاند:" پابه‌ندی په‌رله‌مان بۆ زه‌مینه‌سازی و هاندان وپێشكه‌شكردنی باسی ئه‌كادیمیانه‌ له‌سه‌ر پرۆسه‌ی ئاماده‌كردنی ڕه‌شنووسی ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان بۆ ڕاپرسی، ئاماده‌بوونمان له‌م كۆنفرانسه‌دا ئه‌ركێكی سیاسی وقانوونیه‌" له‌ باره‌ی سنوری هه‌رێمی كوردستانیش ووتی دیاریكردنی سنوری هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕه‌شنووسی ده‌ستورە كه‌ له‌م هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستای ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم، بابه‌تێكه‌ ده‌خوازین زانكۆكان ، پسپۆڕان وئه‌كادیمیان ڕۆڵیان هه‌بێت له‌ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی یاسایی ئه‌وتۆ كه‌ نه‌بێته‌ مایه‌ی دژیه‌ك بوون له‌گه‌ڵ ده‌ستوری فیدڕاڵی و هاوكات ناچاریش نه‌بین كه‌ وه‌ك به‌شێك له‌ كوردستان و جوگرافیای كوردستان له‌ ڕه‌شنووسی ده‌ستوری هه‌رێمدا ده‌ستبه‌رداریان ببین. بۆ ئه‌مه‌ش بیرۆكه‌ی ئیزدیواجیه‌تی سروشتی ده‌ستوره‌كه‌ له‌ نێوان ( هه‌میشه‌یی بوون) بۆ سنوری چوار پارێزگاكه‌ی هه‌رێم و     ( كاتی بوون) بۆ كه‌ركوك وناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان، بیرۆكه‌یه‌كه‌ كه‌ ده‌بێت به‌ ووردی و وریایی وه‌ك بژارده‌یه‌ك تاوتوێی بكه‌ین.