Skip to the content

لیژنه‌ى وزه‌و سامانه‌ سرووشتییه‌كان به‌دواداچوون بۆ به‌شه‌ نه‌وتى سپیى هاووڵاتییان ده‌كات

به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون و هۆكاره‌كانی دابه‌شنه‌كردنی نه‌وتی سپی به‌سه‌ر هاووڵاتییان، سه‌عات 10:30ى به‌یانیی ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌ 27/11/2019، لیژنه‌ى وزه‌و سامانه‌سروشتییه‌كان و پیشه‌سازى و بازرگانى له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیى عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح سه‌رۆكى لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌و بڕیارده‌ر و ئه‌ندامان و راوێژكارانى لیژنه‌كه‌ كۆبووه‌وه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ كرا له‌سه‌ر ئه‌نجامى به‌دواداچوونه‌كانی لیژنه‌كه‌ بۆ هۆكاره‌كانی دابه‌شنه‌كردنی نه‌وتی سپی به‌سه‌ر هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان كه‌ تائێستا ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ خێزانه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بۆ وه‌رزى زستان به‌شه‌ نه‌وتى سپییان وه‌رنه‌گرتووه‌.
دواى به‌دواداچوونى لیژنه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى حكومه‌تى هه‌رێم بۆئه‌وه‌ى هه‌ر خێزانێك یه‌ك به‌رمیل نه‌وت وه‌رگرێت كه‌ سه‌رجه‌مى كوردستان پێویستیى به‌بڕى (258) ملیۆن لیتر نه‌وتى سپى هه‌یه‌، حكومه‌تى عێراق ته‌نیا (50) ملیۆن لیتر دابین ده‌كات.
هه‌ر له‌به‌دواداچوونى لیژنه‌كه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ تاكو ئێستا بڕى (15) ملیۆن لیتر له‌به‌غداوه‌ گه‌یشتۆته‌ هه‌رێمی كوردستان، بۆیه‌ لیژنه‌ى وزه‌و سامانه‌ سرووشتییه‌كان و پیشه‌سازى و بازرگانى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان داواى له‌ حكومه‌تى هه‌رێم كردووه‌ بۆئه‌وه‌ى سه‌رجه‌م ناوچه‌كانى كوردستان نه‌وتیان به‌سه‌ر دابه‌ش بكرێت داواى دابینكردنی پاره‌ی پێویستیان بۆ كڕینی نه‌وتی سپی كردووه‌.
له‌به‌شێكى ترى به‌دواداچوون و داواكارییه‌كه‌ى لیژنه‌كه‌ ده‌رئه‌نجام ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران وه‌زاره‌تى داراییی راسپاردووه‌ بۆ ئاماده‌كردنى پاره‌ى پێویست بۆ كڕینى نه‌وت و وه‌زیرى داراییش به‌ لیژنه‌كه‌ى راگه‌یاندووه‌ كه‌ سه‌رقاڵى ئه‌وه‌ن كه‌ بزانن بڕى ئه‌و پاره‌یه‌ى كه‌ پێویستىه‌ چه‌نده‌.
هه‌روه‌ها لیژنه‌كه‌ داواى له‌ وه‌زاره‌تى دارایی كردووه‌ پرۆسه‌كه‌ خێراتر بكرێت و له‌زووترین كاتدا ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ دابین بكرێت پێش هاتنى وه‌رزى سه‌رما.
له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا لیژنه‌ بڕیاریدا به‌نوسراوى فه‌رمى له‌رێگه‌ى سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌ پرسیار ئاراسته‌ى حكومه‌تى هه‌رێم بكات سه‌باره‌ت به‌وه‌ى چۆن چاره‌سه‌رى پڕكردنه‌وه‌ى ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ سپییه‌ ده‌كات كه‌ هه‌رێمى كوردستان پێویستیی پێیه‌تى.