Skip to the content

لیژنه‌ی كاروباری شه‌هیدان و قوربانیانی جینۆسایدو زیندانیانی سیاسی ئاماده‌كاری بۆ هه‌مواری چه‌ند یاسایه‌ك ده‌كات

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر هه‌مواركردنی چه‌ند یاسایه‌ك، پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌ 2019/11/27، لیژنه‌ی کاروباری شه‌هیدان و قوربانیانی جینۆسایدو زیندانیانی سیاسی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیی سوسن محه‌مه‌د میرخان سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگری سه‌رۆكی لیژنەو بڕیارده‌رو ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه‌ كۆبووه‌وه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رجه‌م ئه‌و یاداشت و داواكارییانه‌ی ئاراسته‌ی لیژنه‌كه‌ كرابوون له‌لایه‌ن بڕیارده‌ری لیژنه‌ خوێندرانه‌وه‌و دوای گفتوگۆی ئه‌ندامان بڕیاری پێویستیان له‌سه‌ردرا و وه‌ڵامدرانه‌وه‌و ئاراسته‌ی لایه‌نی په‌یوه‌ندیداركران به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون و جێ به‌جێكردنیان.
دواتر سه‌رۆكی لیژنه‌ كورته‌ باسێكی ده‌رباره‌ی كۆی گشتیی كارو چالاكییه‌كانی لیژنه‌كه‌ له‌ماوه‌ى رابردوودا خسته‌ڕوو و پلان و به‌رنامه‌ی كاری داهاتووش گفتوگۆی له‌سه‌ر كراو جه‌خت له‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ ماف و ئیمتیازاتی سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانی وه‌ك كه‌سوکاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و زیندانیانی سیاسی به‌باشترین شێوه‌ دابین بكرێت.
له‌كۆتایدا ره‌شنووسی هه‌مواری چه‌ند یاسایه‌ك خوێندرایه‌وه‌ كه‌ به‌ بڕوای ئه‌ندامانی لیژنه‌ پێویستیان به‌هه‌مواركردن و ده‌سكاریكردن هه‌یه‌ له‌هه‌ندێ ماده‌و بڕگه‌، له‌وانه‌ یاسای هه‌مواری سێیه‌می یاسای ماف و ئیمتیازاتی كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و یاسای ژماره‌ 11ی ساڵی 2011ی زیندانیانی سیاسیی كوردستان و یاسای ژماره‌ 8ی ساڵی 2006ی وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی هه‌رێمی كوردستان، به‌كۆی ده‌نگی ئه‌ندامان بڕیاردرا بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ لیژنه‌ی شه‌هیدان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی شه‌هیدان كۆببێته‌وه‌و میكانیزمێكی گونجاو بدۆزرێته‌وه‌ بۆ هه‌مورای ئه‌م یاسایانه‌ی كه‌ باس كران.