Skip to the content

راگەیاندراوی لیژنەی رۆشنبیریی بۆ رۆژی جیهانیی لاوان

لیژنەی رۆشنبیریی و كۆمەڵگای مەدەنیی و وەرزش و لاوان لە پەرلەمانی كوردستان، بەبۆنەی رۆژی جیهانیی لاوانەوە، پیرۆزبایی لە لاوانی كوردستان دەكات و داوایش لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، ئەم ڕۆژە بكرێتە دەسپێكی پڕۆژە و بەرنامەیەكی تۆكمەی حكومی بۆ خزمەتكردنی توێژی بەرفراوانی لاوان لە كوردستاندا، لیژنەكەمان پێیوایە؛ گەنجبوونەوەی حكومڕانی و بوونی خوێنی تازە لەدامەزراوە دەوڵەتییەكان و كۆمپانیا و كەرت و بوارە جیاجیاكانی بەرێوەبردنی ژیان، لەرێی توێژی فراوانی لاوانەوە دەكرێت، بەتایبەتی ئەو لاوانەی خاوەنی بڕوانامەی ئەكادیمین، یان ئەزمون و سەلیقەیان لەبوارێكی دیاریكراودا هەیە و بەئەقڵییەتێكی نوێخواز و بە گوڕ و تینێكی لەرادەبەدەرەوە كاردەكەن. خزمەتكردنی لاوان، خزمەتكردنی دامەزراوەكانی دەوڵەت و بەرێوەبردن و بەرەوپێشبردنی پایەكانی حكومڕانییە لە كوردستاندا، سەرەڕای هێنانی بەختەوەریی بۆ زۆربەی خێزانەكانی كورد لە هەرێمی كوردستاندا، وەك چۆن لەزۆرینەی رەهای هەر خێزانێكدا لەهەرێمی كوردستان، لانیكەم لاوێك بونی هەیە. رۆژی جیهانیی لاوان، كە 12ی ئابی هەموو ساڵێكە و لەكۆنگرەیەكدا بە بەشداریی بەرپرسانی وەزارەتەكانی لاوان لەسەرتاسەری جیهان و لە ساڵی 1998دا لە "لێشبونە" بڕیاری لێدرا، لەو سۆنگەوەیە كە لاوان، كۆڵەكەی بەرەو پێشبردنی كۆمەڵگەن و خزمەتكردنی لاوان، خزمەتكردنی راستەوخۆی كۆمەڵگەیە. بەناوی لیژنەكەمانەوە، داوادەكەین چیتر لاوانی وڵاتەكەمان پەراوێز نەخرێن و چانسی زۆریان بدرێتێ‌ بۆ دامەزراندن و كاركردن لە بوارە جیاجیاكان و دەرخستنی توانا و لێهاتووییەكانیان بۆ خزمەتكردنی هەرێمەكەمان.

لیژنەی رۆشنبیری و كۆمەڵگای مەدەنی و وەرزش و لاوان لە پەرلەمانی كوردستان

١١/٨/٢٠٢٠