Skip to the content

هێمن هەورامی پێشوازی لە کۆنسوڵی نوێی یابان لە هەرێمی کوردستان دەکات

پاشنیوەرۆی ئەمڕۆ ١٠/٨/٢٠٢٠ هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، پێشوازی لە ناگایاما یۆشیکۆ کۆنسوڵی نوێی یابان لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە دیدارێکدا کە هەریەک لە سەرۆک و ئەندامانی لێژنەی پەیوەندییەکانی پەرلەمانی کوردستان ئامادەیبوون، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، بەخێرهاتنی کۆنسوڵی گشتی یابانی لەهەرێمی کوردستان کرد، هاوکات پاڵپشتی پەرلەمانی کوردستانی بۆ دەستبەکاربوونیان وەکو کۆنسوڵی نوێی یابان خستەروو.

لە دیدارەکەدا هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، باسی لە مێژووی دروستبوونی پەرلەمانی کوردستان وفرەیی پێکهاتەکان و شێوازی کاری تەشریعی و ڕێژەی بەشداری ئافرەتان و ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان کرد ، هەروەها هیوایخواست پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو پەرلەمانی کوردستان و وڵاتی یابان پێشکەوتن بەخۆوە ببینێت و لە داهاتوودا سود لە ئەزموونی کاری پەرلەمانی یەکتر وەربگرن، پاشان باس لە رەوشی تەندروستی و سیاسی و ئابووری هەرێمی کوردستان و ئەو ئەزموونە جوانەی پێکەوە ژیان، کە لەنێوان سەرجەم پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان هەیە کرا.

لەلایەن خۆیەوە ناگایاما یۆشیکۆ کۆنسوڵی نوێی یابان لە هەرێمی کوردستان، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ دەستبەکاربوونی وەکو کۆنسوڵی نوێی یابان لە هەرێمی کوردستان و هیوای خواست پەوەندییەکانی نێوان یابان و هەرێمی کوردستان  لەسەر هەموو ئاستەکان  پێشکەوتنی زیاتر بەخۆوە ببینێت و دۆستایەتی نێوان یابان و هەرێمی کوردستان زیاتر پەرەبستێنێت.