Skip to the content

لیژنه‌ى داكۆكیكردن له‌مافى ئافره‌ت له‌گه‌ڵ رێكخراوى ئاوه‌ز هۆكاره‌كانى تەڵاق دیارى ده‌كه‌ن

به‌مه‌به‌ستى هۆشیاركردنه‌وه‌ى خێزان به‌تایبه‌ت كچان و كوڕان له‌سه‌ركه‌وتنى پرۆسه‌ى هاوسه‌رگیرى و دیاریكردنى هۆكاره‌كانى ته‌ڵاقدان، پێشنیوه‌ڕۆى ڕۆژی یه‌كشه‌مه‌ 2020/2/9، لیژنه‌ى داكۆكیكردن له‌مافى ئافره‌ت له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیى له‌نجه‌ ئیبراهیم دزه‌یی سه‌رۆكى لیژنه‌و ئاماده‌بوونی بەدریە ئیسماعیل و سه‌لمه‌ فاتح ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ستافێكى رێكخراوى ئاوه‌ز بۆ توێژینه‌وه‌ كۆبووه‌وه‌.
له‌كۆبوونه‌وه‌کەدا گفتوگۆ له‌سه‌ر چۆنیه‌تیى ئه‌نجامدانى كۆنفڕانسێك كرا سه‌باره‌ت به‌دیاریكردنى هۆكاره‌كانى ته‌ڵاقدان له‌نێوان هاوسه‌رانداو به‌رچاوخستنى رێگه‌كانى سه‌ركه‌وتنى پێكه‌وه‌ژیانى هاوسه‌ران.
ئه‌و كۆنفڕانسه‌ كه‌بڕیاره‌ له‌مانگى نیساندا ئه‌نجامبدرێت شه‌ش توێژینه‌وه‌ى جیا له‌خۆده‌گرێت و چه‌ندین شاره‌زاو پسپۆڕ له‌بواره‌كانى كۆمه‌ڵایه‌تى و یاسایی و رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى بەشداردەبن تێیدا.
له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا تیشك خرایه‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ له‌ كۆنفڕانسه‌كه‌دا هەوڵى دیاریكردنی ئه‌وه‌ بدرێ کەئایا هۆكارى ته‌ڵاق له‌لایه‌ن ژنانه‌وه‌ زیاتره‌ یاخود پیاوان، له‌گه‌ڵ رێگه‌چاره‌كان و چۆنیه‌تیى هۆشیارکردنەوەی كچان و كوڕان له‌چۆنیه‌تیى پێكه‌وه‌ژیان پێش هاوسه‌رگیرى.