Skip to the content

لیژنه‌ى شه‌هیدان به‌دواداچوون بۆ هێنانه‌وه‌ى رووفاتى ئه‌نفالكراوان ده‌كات

به‌مه‌به‌ستى به‌دواداچوون بۆ هێنانه‌وه‌ى رووفاتى ئه‌نفالكراوان و ئاگاداربوون له‌چۆنیه‌تیى راییكردنى مامەڵەی هاووڵاتییان له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌كانى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانى پارێزگاكان، پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌ 2020/2/12، لیژنه‌ى كاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و زیندانیانى سیاسى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتيی سوسن محه‌مه‌د میرخان سه‌رۆكى لیژنه‌و ئاماده‌بوونى جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامان و راوێژكارانى لیژنه‌كه‌ كۆبووه‌وه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌کەدا‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر به‌دواداچوونى لیژنه‌كه‌ بۆ هێنانه‌وه‌ى رووفاتى ئه‌نفالكراوانی كورد له‌ گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كانى سه‌ماوه‌ كرا، له‌گه‌ڵ چۆنیه‌تیى ئاماده‌كارییه‌كانى وه‌زاره‌تى شه‌هیدان و ئه‌نفالكروان بۆ ئه‌م بابه‌ته‌.
له‌به‌شێكى دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر چۆنیه‌تیى راییكردنى مامه‌ڵه‌ى هاووڵاتییان له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌كانى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانى پارێزگاكان كرا، له‌گه‌ڵ چۆنیه‌تیى دروستكردنى هه‌ماهه‌نگى و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانیان به‌پێى یاسا به‌ركاره‌كان.
هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كەدا‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر ئاماده‌كارییه‌كانى لیژنه‌كه‌ كرا تایبه‌ت به‌ ته‌واوى ئه‌و مه‌ڕاسیم و یادانه‌ى كه‌ له‌مانگه‌كانى ئادارو نیسان به‌سه‌ر گه‌لى كوردستاندا هاتوون.
له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا لیژنه‌ بڕیاریدا بۆ هێنانه‌وه‌ى رووفاتى ئه‌نفالكراوه‌كان هه‌ماهه‌نگیى به‌رده‌وامى هه‌بێت له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و دانانى میكانیزمێك بۆ دروستكردنى لۆبى تایبه‌ت به‌جینۆساید.