Skip to the content

لیژنه‌ی ده‌سپاكی كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامداو تاووتوێی چه‌ند پرسێكی كرد

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر چه‌ند پرسێكی په‌یوه‌ندیدار به‌كاروباری لیژنه‌كه‌، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌ 2020/2/12، لیژنه‌ی ده‌سپاكی له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیی شیرین ئه‌مین سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌کە كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا.
سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و نووسراو و یاداشت و سكاڵایانه‌ی ئاراسته‌ی لیژنه‌كه‌ كرابوون خوێندرانه‌وه‌و دوای گفتوگۆی ئه‌ندامان و وه‌رگرتنی ڕاو سه‌رنجی به‌شداربووانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ كاری پێویستیان له‌سه‌ر كراو ئاراسته‌ی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار كران به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون و چاره‌سه‌ركردنیان، که‌كۆی گشتیی نوسراوه‌كان په‌یوه‌ندیداربوون به‌ دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵی و به‌هه‌ده‌ردانی سامانی گشتی.
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیاری پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی لاوه‌كی درا به‌مه‌به‌ستی سه‌ردانیكردنی فه‌رمانگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی سلێمانیی سه‌ر به‌ده‌سته‌ی دەسپاکی و سه‌ردانیكردنی نوسینگه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌و ڕانیه‌، ئامانج له‌و سه‌ردانانه‌ ده‌ستكه‌وتنی زانیارى و به‌رچاوڕوونی و به‌دواداچوونه‌ بۆ چه‌ند پرسێكی گه‌نده‌ڵی و گرتنه‌به‌ری ڕێكاری یاسایی لە بەرامبەریان.