Skip to the content

لیژنه‌ی ڕۆشنبیری و سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسان ڕه‌وشی رۆژنامه‌گه‌رى و رۆژنامه‌نووسان تاووتوێ ده‌كه‌ن

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر دۆخی میدیاو ڕاگه‌یاندنی كوردستان، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌ 2020/2/12، لیژنه‌ی ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و وه‌رزش و لاوان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیی سه‌لمه‌ فاتح سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه‌ پێشوازیى له‌نه‌قیبی سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسان و شاندێكی یاوه‌ری كرد.
سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌ شاندی میوان كورته‌باسێكیان له‌سه‌ر كۆی گشتیی ڕه‌وشی ڕۆژنامه‌گه‌ری و كاری ڕۆژنامه‌نووسی له‌هه‌رێمی كوردستان و یاسابه‌ركاره‌كانی تایبه‌ت به‌ڕێكخستنی بواری میدیا بۆ ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ خسته‌ڕوو، هه‌روه‌ها كێشه‌و ئاریشه‌كانی به‌رده‌م ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاى ئه‌لیكترۆنی ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.
له‌لایه‌ن خۆشیانه‌وه‌ سه‌رۆك و ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ جه‌ختیان له‌هه‌ماهه‌نگی و په‌یوه‌ندیی به‌رده‌وام له‌نێوان هه‌ردوولادا كرده‌وه‌ بۆ ڕاوێژكردن و دۆزینه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ گرفته‌كان و ڕێكخستنی زیاتری كارى میدیا به‌بینراوو بیستراوو خوێندراو و ئه‌لیكترۆنی به‌مه‌رجێك مه‌ودای ئازادیی ڕۆژنامه‌گه‌ری و ڕاده‌ربڕین به‌رته‌سك نه‌كرێته‌وه‌و به‌شێوه‌یه‌ك مامه‌ڵه‌ بكرێت كه‌ له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ و ئازادیی تاك یه‌كانگیربێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش به‌ڵێنی هه‌موو پشتگیری و پاڵپشتییه‌كیان به‌شاندی میوان ڕاگه‌یاند.