Skip to the content

لیژنه‌ى داكۆكیكردن له‌ مافى ئافره‌ت به‌دواداچوون بۆ ره‌وشى شه‌ڵته‌ره‌كان ده‌كات

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنى پلانى كارى شه‌ش مانگى لیژنه‌كه‌و سه‌ردانیكردنى مه‌یدانیى شه‌ڵته‌ره‌كان و كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى كارو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژیى خێزانى، ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌ 2020/1/15، لیژنه‌ی داكۆكیكردن له‌ مافی ئافره‌ت له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیى له‌نجه‌ ئیبراهیم دزه‌یی سه‌رۆكى لیژنه‌و ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامان و راوێژكارانى لیژنه‌كه‌ كۆبووه‌وه‌.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌نجامدانى زنجیره‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى كارو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژیى خێزانى كرا به‌مه‌به‌ستی ئاگاداربوون له‌كێشه‌و گرفته‌كانیان و دانانى میكانیزمێك بۆ چاره‌سه‌ركردنیان.
له‌به‌شێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تاووتوێى ئه‌نجامدانى گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نى خانمان و رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى تایبه‌ت به‌بواره‌كانى ئافره‌تان كرا، به‌مه‌به‌ستى دروستكردنى هه‌ماهه‌نگى و كارى پێكه‌وه‌یی بۆ پاراستنى مافه‌كانى ئافره‌تان.
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌وردى گفتوگۆ له‌سه‌ر كێشه‌و گرفته‌كانى شه‌ڵته‌ره‌كانى هه‌رێمى كوردستان كراو لیژنه‌ بڕیاریدا سه‌ردانی مه‌یدانیى ئه‌و شه‌ڵته‌رانه‌ بكات بۆئه‌وه‌ى له‌نزیكه‌وه‌ گوێ له‌داخوازییه‌كانیان بگرێت و له‌گه‌ڵ لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار چاره‌سه‌ریان بكات، هه‌روه‌ها لیژنه‌ بڕیاریدا هه‌فته‌ى داهاتوو میوانداریى هه‌ریه‌كه‌ له‌وه‌زاره‌تى كاروكاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژیى خێزانى و ئه‌نجوومه‌نى خانمان بۆ لیژنه‌كه‌ بكات.
له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا له‌لایه‌ن لیژنه‌كه‌وه‌ پلانه‌كه‌ په‌سه‌ندكراو بڕیاردرا به‌زووترین كات ده‌ستبه‌جێبه‌جێكردنى بكرێت.