Skip to the content

په‌رله‌مانى كوردستان چاودێریى پاراستنى مافه‌كانى مرۆڤ ده‌كات

به‌مه‌به‌ستى گفتوگۆكردن له‌سه‌ر میكانیزمى چاودێریكردنى پاراستنى مافه‌كانى مرۆڤ و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئه‌شكه‌نجه‌دان، سه‌عات 11ى پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌ 14/1/2020، زانا مه‌لا خالیدو شیرین یونس به‌نوێنه‌رایه‌تیى لیژنه‌ى كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى و داكۆكیكردن له‌مافى مرۆڤ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان له‌گه‌ڵ گرووپى كارى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئه‌شكه‌نجه‌دان كۆبوونه‌وه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا پلانى ستراتیژى بۆ پاراستنى مافه‌كانى مرۆڤ دانرا بۆ رێگریكردن له‌ ئه‌شكه‌نجه‌دان و پێشێلكردنى مافه‌كانى مرۆڤ و هۆشیاركردنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگه‌.
له‌به‌شێكى ترى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تیشك خرایه‌سه‌ر ئه‌وه‌ى هه‌ماهه‌نگیى ته‌واو و به‌رده‌وام له‌نێوان هه‌ردوولا هه‌بێت بۆئه‌وه‌ى كاره‌كان به‌سه‌ركه‌وتوویی بچێته‌ پێشه‌وه‌ له‌پێناو بنیادنانى كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى هۆشیار و ته‌ندروست.
له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا هه‌ردوولا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆكبوون كه‌ لیژنه‌ى كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى و داكۆكیكردن له‌مافى مرۆڤ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان سه‌رپه‌رشتیى كاره‌كان بكات.
شایه‌نی باسه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ داواكارى گشتى و ئاسایش و یۆنامى و رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى و رێكخراوى هارتلاند و وه‌زاره‌ته‌كانى ناوخۆ و ته‌ندروستى و ده‌سته‌ى سه‌ربه‌خۆى مافه‌كانى مرۆڤ نوێنه‌رایه‌تیى گرووپى كارى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئه‌شكه‌نجه‌دان ده‌كه‌ن.