Skip to the content

دۆخی داراییی هه‌رێمی كوردستان تاووتوێ كرا
نوێنه‌رانی حكومه‌ت: "هه‌رێم جدییه‌ له‌رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی به‌غدا"

سه‌عات 11ى پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌ 2020/7/28، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان و ئاماده‌بوونی هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منى نبى قه‌هوه‌چى سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (7)ی ئاسایی خولی به‌هاره‌ی ساڵی دووه‌م له‌ خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تا د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان به‌ناوى خواو گه‌لی كوردستانه‌وه‌ دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه، پاشان له‌لایه‌ن منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه‌ خوێندرایه‌وه‌ كه‌ له‌دوو خاڵ پێكهاتبوو خاڵی یه‌كه‌م یه‌كه‌م بریتی بوو له‌خوێندنه‌وه‌ی ڕاپۆرتی لێژنه‌ی دارایی و كاروباری ئابووری سه‌باره‌ت به‌ (دۆخی دارایی و ئابووریی هه‌رێمی كوردستان) به‌ئاماده‌بوونی به‌ڕێزان وه‌زیری (دارایی و ئابووری)و وه‌زیری (پلاندانان)و وه‌زیری (هه‌رێم بۆ كاروباری دانوستاندن له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا)و (سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران)و (سكرتێری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران) له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان-عیراق، به‌پێی حوكمی بڕگه‌ی (یه‌كه‌م)ی مادده‌ی (66) له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان.
خاڵی دووه‌میش بریتی بوو له‌خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پێشنیازی یاسای (ماف و ئه‌ركی نه‌خۆش له‌هه‌رێمی كوردستان) به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (87، 88، 89) له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان.
هه‌روه‌ها سكرتێری په‌رله‌مان پوخته‌ى دانیشتنى پێشووى په‌رله‌مان و ناوى ئاماده‌نه‌بووانی دانیشتنی پێشوو و كۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كان به‌مۆڵه‌ت و بێ مۆڵه‌تى خوێنده‌وه‌.
سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌ كه‌ به‌ئاماده‌بوونی ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیرى دارایی و كاروبارى ئابوورى و د.ڤالا فه‌رید وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاروبارى په‌رله‌مان و د.دارا ره‌شید وه‌زیرى پلاندانان و خالید شوانی وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاروبارى دانوستاندن له‌نێوان هه‌رێم و به‌غداو ئومێد سه‌باح سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و د.ئامانج ره‌حیم سكرتێری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران به‌ڕێوه‌چوو، سه‌رۆكی په‌رله‌مان داوای له‌لیژنه‌ى دارایی و كاروبارى ئابووریی په‌رله‌مان كرد بێنه‌ شوێنی مه‌به‌ست بۆ خوێندنه‌وه‌ى راپۆرتی لیژنه‌كه‌یان سه‌باره‌ت به‌دۆخی ئابووریی هه‌رێمی كوردستان.
به‌ر له‌ده‌ستكردن به‌به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه‌ به‌پێی خاڵی په‌یڕه‌وی له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه‌ چه‌ندین سه‌رنج و تێبینی و پرسیار سه‌باره‌ت به‌هۆكارى ئاماده‌نه‌بوونی سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگره‌كه‌ى له‌دانیشتنی په‌رله‌مان و پێشكه‌شكردنی یاداشت و پێشنیازه‌یاساو پێشنیازه‌بڕیارو قه‌رزه‌كانی حكومه‌ت خرانه‌ڕوو.
له‌به‌رامبه‌ردا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان سه‌باره‌ت به‌قه‌رزه‌كانى حكومه‌ت رایگه‌یاند: "ئێمه‌ له‌سه‌رۆكایه‌تی له‌ئێوه‌ په‌رۆشترین بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر بابه‌تی قه‌رزه‌كان و هیچ رێگرییه‌ك نییه‌ له‌وه‌ى كه‌ له‌سه‌ر بابه‌تى قه‌رزه‌كان دانیشتنی په‌رله‌مانى كوردستان ئه‌نجام بده‌ین جگه‌ له‌وه‌ى كه‌به‌ڕه‌سمی دیوانی چاودێریی دارایی ته‌سدیقى قه‌رزه‌كان و دیكیۆمێنتی قه‌رزه‌كان بكات، قۆناغی یه‌كه‌م ئه‌وان له‌ڕاپۆرتێكدا هه‌ندێ شتی خۆیانیان ناردووه‌ بۆ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، دواتر داوای هه‌ندێ دیكیۆمێنتیان كردووه‌ ئێمه‌ چاوه‌ڕوانیمان ئه‌وه‌یه‌ كه‌حكومه‌ت به‌زووترین كات ئه‌وه‌ى كه‌دیوانی چاودێریی دارایی داوای كردووه‌ بۆیان بنێرێ، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و راپۆرته‌ی دیوانی چاودێریی دارایی كه‌ده‌نێردرێته‌ حكومه‌ت، دواتر حكومه‌ت بڕیاریداوه‌ خۆیان له‌كۆبوونه‌وه‌ى خۆیان راپۆرته‌كه‌یان بنێرن بۆ ئێمه‌ دڵنیابن له‌وه‌ى هه‌ر كاتێك ئه‌و راپۆرته‌ بگات ئێمه‌ كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مانی بۆ ئه‌كه‌ین، ئه‌مه‌ په‌رۆشیی هه‌موو ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌و په‌رۆشیی حكومه‌تیشه‌و په‌رۆشیی خه‌ڵكی كوردستانیشه‌ كه‌ده‌یه‌وێ بزانێ دۆسییه‌ی قه‌رزه‌كان چۆنه‌و ورده‌كاریی چییه‌"، داواشی له‌ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران كرد په‌له‌ بكه‌ن له‌وه‌ى كه‌ئه‌و پێداویستییانه‌ی دیوانی چاودێریی دارایی داوای كردووه‌ بیاندرێتێ بۆئه‌وه‌ی ئه‌وانیش راپۆرتی گشتگیری خۆیان ئاماده‌ بكه‌ن و ئاراسته‌ی په‌رله‌مانی بكه‌ن و ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ هه‌ر كاتێك ئه‌و راپۆرته‌ یگاته‌ په‌رله‌مان دانیشتی بۆ ئه‌نجام ده‌ده‌ن ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ناو پشووی په‌رله‌مانیشدا بێت.
پاشان له‌لایه‌ن لیژنه‌ی داراییه‌وه‌ راپۆرتی لیژنه‌كه‌ سه‌باره‌ت به‌دۆخی ئابووریی هه‌رێمی كوردستان خوێندرایه‌وه‌و تیایدا باسیان له‌دۆخی ئابووریی هه‌رێمی كوردستان و مامه‌ڵه‌كردنی حكومه‌تی ئیتیحادی له‌گه‌ڵ هه‌رێم له‌ڕووی ده‌ستوورییه‌وه‌ له‌و بابه‌ته‌دا كه‌پێیان وایه‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی ناده‌ستوورى و وه‌ك سیسته‌مێكی مه‌ركه‌زى مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێم ده‌كات، هه‌روه‌ها هۆكاره‌كانی خراپبوونی دۆخی دارایی و ئابووریی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رچاوه‌كانی داهاتى ناوخۆو ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان و باج و رسومات و ئه‌و به‌شه‌ بودجه‌یه‌ی كه‌ له‌عێراقه‌وه‌ بۆ هه‌رێم هاتووه‌ له‌ساڵی 2020 و بڕی ئه‌و داهاته‌ى كه‌وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانه‌ داویه‌تی به‌وه‌زاره‌تی دارایی له‌شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ساڵی 2020و بڕی ئه‌و هاوكارییه‌ی هاوپه‌یمانان بۆ مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌ دابینی ده‌كه‌ن له‌راپۆرته‌كه‌یاندا خستبووه‌ڕوو.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی راپۆرته‌كه‌یاندا لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مان تیشكیان خستۆته‌سه‌ر چه‌ندایه‌تیی چۆنیه‌تیی دابه‌شكردنی مووچه‌ له‌شه‌ش مانگی ساڵی 2020، هه‌روه‌ها چه‌ندین پێشنیازو راسپارده‌شیان بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ڕاپۆرته‌كه‌یاندا خستۆته‌ڕوو.
دواتر له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه‌ چه‌ندین سه‌رنج و تێبنی و پێشنیاز له‌سه‌ر راپۆرتی لیژنه‌ی دارایی خرایه‌ڕوو و چه‌ندین پرسیارو پێشنیازیش سه‌باره‌ت به‌دۆخی ئابوورى و چۆنیه‌تیی ده‌ربازبوون له‌و قه‌یرانه‌و چاره‌نووسی 400 ملیار دۆلاره‌كه‌و قه‌رزه‌كانی حكومه‌ت و مووچه‌ی خانه‌نشینان و داهاته‌كان و نه‌وت و شه‌فافی و بڕینی 21%ى مووچه‌ی مووچه‌خۆران و پاشه‌كه‌وت و ئه‌نجامی دانوستاندنه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ر مووچه‌و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم و پرۆسه‌ی چاكسازی و پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ى ئه‌فسه‌رانی پێشمه‌رگه‌ ئاراسته‌ی نوێنه‌رانی حكومه‌ت كران.
دوای پشوویه‌كی كورت سه‌عات 3ى پاشنیوه‌ڕۆ دانیشتنه‌كه‌ ده‌ستی پێكرده‌وه‌و ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ى كه‌ناوى خۆیان تۆماركردبوو و مابوون قسه‌ بكه‌ن و سه‌رنج و راوبۆچوونی خۆیان له‌سه‌ر دۆخی دارایی خسته‌ڕوو و چه‌ندین پرسیاریشیان ئاراسته‌ی نوێنه‌رانی حكومه‌ت كرد.
پاشان له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی حكومه‌ت سیاسه‌ت و تێڕوانینی حكومه‌ت سه‌باره‌ت به‌دۆخی دارایی و پرۆسه‌ی چاكسازی و پرسی نه‌وت و شه‌فافیه‌ت و داهات و خه‌رجییه‌كان و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵی و قه‌رزه‌كان و گومرگ و باج و رسومات و ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان و مووچه‌و هه‌وڵه‌كانی حكومه‌ت بۆ چاكسازیكردن له‌و سێكته‌رانه‌و سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كانی ترو ئه‌نجامی دانوستاندنه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا خرایه‌ڕوو.
له‌قسه‌كانیاندا نوێنه‌رانی حكومه‌ت ته‌ئكیدیان له‌جدیه‌تی حكومه‌ت له‌ئه‌نجامدانى چاكسازی و شه‌فافیه‌ت كرده‌وه‌و جه‌ختییان له‌پێویستیی هه‌ماهه‌نگیی نێوان هه‌موولایه‌ك كرده‌وه‌ بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و پرۆسه‌یه‌.
سه‌باره‌ت به‌دانوستاندنه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غداش نوێنه‌رانی حكومه‌ت ئاماژه‌یان به‌وه‌دا كه‌هه‌رێم به‌جدی مه‌به‌ستیه‌تی كه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا رێكبكه‌وێ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش شاندی دانوستانكارى هه‌رێم چه‌ندین جار سه‌ردانی به‌غداى كردووه‌و ئاماده‌یی ته‌واویشی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ بۆ به‌غدا ده‌ربڕیوه‌و هیچ به‌هانه‌یه‌كیشی بۆ عێراق نه‌هێشتۆته‌وه‌، به‌ڵام نابێ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ش له‌سه‌ر ئه‌ساسی پاراستنی ده‌سكه‌وته‌كانی هه‌رێم بێت.
هه‌روه‌ها هه‌نگاوه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیشیان بۆ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی چاكسازی خسته‌ڕوو له‌پێداچوونه‌وه‌ به‌گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كان و كردنه‌وه‌ى حیسابێكی فه‌رمی بۆ داهاتی نه‌وت و كۆنترۆلكردنی سنووره‌كان و لێخۆشبوونی گومرگى وخه‌رجییه‌كان.. هتد بۆ ئه‌ندامانى په‌رله‌مان خسته‌ڕوو و هه‌روه‌ها روونكردنه‌وه‌ی پێویستیان له‌سه‌ر ئه‌و سه‌رنج و تێبنییانه‌ى په‌رله‌مانتاران خسته‌ڕوو و وه‌ڵامی به‌شێكی زۆرى ئه‌و پرسیارانه‌شیان دایه‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه‌ ئاراسته‌یان كرابوو.
له‌وه‌ڵامی پرسیاری ئه‌وه‌ى كه‌ئایا حكومه‌ت ده‌توانێ پێش جه‌ژنی قوربان مووچه‌ دابه‌ش بكات كه‌ئه‌مه‌ پرسیاری زۆریه‌ی زۆرى ئه‌ندامانی په‌رله‌مان بوو، وه‌زیرى دارایی رایگه‌یاند: "ئه‌گه‌ر سه‌رچاوه‌ی داهات هه‌بێت ئه‌وا ده‌توانین مووچه‌ دابه‌ش بكه‌ین و هه‌وڵه‌كانیش به‌رده‌وامن بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌".
به‌مجۆره‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان كۆتایی به‌دانیشتنه‌كه‌ هێنا.
هه‌ر له‌دانیشتنه‌كه‌دا به‌پشت به‌ستن به‌ڕگه‌ی دووه‌م له‌ماده‌ی (48)ى په‌یرَه‌وی ناوخۆ و له‌سه‌ر داوای سه‌رۆكی لیژنه‌ی كاروبارى ته‌ندروستی پێشنیازكرا كه‌خاڵی دووه‌می به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌ كه‌بریتی بوو له‌خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پێشنیازی یاسای (ماف و ئه‌ركی نه‌خۆش دوابخرێ بۆ دوای جه‌ژن، ئه‌م پێشنیازه‌ش له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه‌ خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سند كرا