Skip to the content

پەیامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بۆ ساڵیادی ئەنفالکردنی بارزانییەکان

هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لە ٣٧مین ساڵیادی جینۆسایدکردنی ۸۰۰۰بارزانییەکان، پەیامێکی بڵاوکردەوە. ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیە:

٣٧ ساڵ بەر لە ئەمڕۆ ڕژێمی بەعس هەشت هەزار بارزانی جینۆسایدکرد، ئەو تاوانکارییەش بووە دەستپێکی تاوانکاری گەورەی رژێمی عێراق و تاوانێکی مەزن بوو لە دژی گەلی کوردستان . جینۆسایدی بارزانییەکان لەلایەن رژێمی بەعسەوە بووە سەرەتای قۆناغێکی نوێی تاوانەکانی، و ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی و سوتماک کردنی خاکی کوردستانی کردە خاڵی هەرە دیاری هەڵمەتە بەردەوامەکانی بۆ بە جینۆسایدکردنی خەڵکی کوردستان،و ئەنفالکردنی خەڵک و خاک و سروشت، وگۆڕینی دیمۆگرافیاکەی. تاکە هۆکاری ئەنفالکردنی هەشت هەزار بارزانی، و ئەنفالکراوانی دیکەی گەرمیان و بادینان و خەڵکی کیمیابارانکراوی هەڵەبجە و شوێنەکانی دیکەی کوردستان ، ناسنامەی نەتەوەیی و کوردبوونیان بووە. ئەوەش دەچێتە ریزی تاوانەکانی دژ بەمرۆڤایەتی، کە پێویستە لەهەموو جیهان ئەو تاوانانە بە جینۆساید بناسێندرێن و حکومەتی عێراقیش ناچار بە قەرەبووکردنەوەی قوربانیان بکرێت. پەرلەمانی کوردستان، هەموو هەوڵێک دەدات بۆ زیاتر خزمەتکردنی ئەنفالکراوان و بە دۆکیومێنتکردنی تاوانکارییەکان و دەرکردن و هەموارکردنی یاسای پێویست لە بەرژەوەندی کەس وکاری قوربانیان. لە ئایندەش لە رێگەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ پەرلەمانی وڵاتان، و دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ،هەوڵی بە جینۆسایدناساندنی تاوانکارییەکان لە دژی خەڵکی کوردستان دەدەین. جێی خۆیەتی بەو بۆنەیەوە جارێکی دیکە داوا لە حکوومەتی عێراق بکرێت کە قەرەبووی سەرجەم زیان لێکەوتووان بکاتەوە و نوێنەرانی خەڵکی کوردستانیش لە بەغدا کار بەو ئاراستەیە بکەن.

لە کۆتاییدا سڵاو دەنێرین بۆ ڕوحی هەشت هەزار بارزانی ئەنفالکراو، و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.

هێمن هەورامی

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان

٣١/٧/٢٠٢٠