Skip to the content

پەیامی لێژنەی شەهیدان بۆ ساڵیادی ئەنفالکردنی بارزانییەکان

لە ٣٧مین ساڵیادی ئەنفالکردنی بارزانییەکان،لەلایەن ڕژێمی بەعسی لەنێوچوو، لێژنەی شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی لەپەرلەمانی کوردستان، پەیامێکی بڵاوکردەوە، ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیە:

بەناوی خوای مەزن و دلۆڤان

ئەمساڵ ٣٧ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر کارەساتی ئەنفالکردنی بارزانییەکان. لە ٣١/٧/١٩٨٣دا، زیاتر لە هەشت هەزار بارزانی بەبێ تاوان جینۆسایدکران و گوند و ئاوەدانیان تێک درا و بە هەزاران ئافرەت و منداڵ دەستبەسەر، ئاوارە و دەربەدەر کران. بارزانییەکان لەسەر ئەوە ئەنفالکران چونکە کورد بوون. تاکو ئێستا ئازاری ئەو تاوانە قێزەونە، دێوەزمەیەکە لەنێو ڕۆحی تاک بە تاکی کورد و بارزانییەکاندا هەر ماوەتەوە. ئەو دڕندەیییەی ڕژێمی بەعسی لەنێوچوو، هەرگیز لە زەینی نەوە دوای نەوەی بارزانییەکان دەرناچێت،و بەهیچ شێوەیەک لە یاد ناکرێت. بۆ ئەمەش جلی ڕەشی ئافرەتە بارزانییەکان گەواهیدەری ئەم ڕاستییەن. بەڵێ، ٣٧ ساڵ تێپەڕی بەسەر ئەم کارەساتە جەرگبڕەدا، بەڵام ئەو مێژووە لەیادەوەریی نەوەکانی داهاتووماندا دەمێنێتەوە.

هاووڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان

پێویستە لەسەر هەموومان بە وریایییەوە بڕوانینە ئەو تاوان وجینۆسایدانەی کە بەسەر گەلەکەماندا هاتووە، بۆ ئەوەی جارێکیتر کارەساتی لەم شێوەیە ڕووبەڕووی نەوەکانی داهاتوومان نەبێتەوە. هەر لێرەوە، داوا لە حکومەتی فیدڕاڵی عێراق دەکەین، کە ڕووفاتی ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان بگەڕێنێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش هاوکاری حکومەت و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بێت. هەروەها قەرەبووی تەواوی کەس و کاری جینۆسایدکراوان و ئەنفالکراون بکاتەوە. وەکو لێژنەی شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی کوردستان، بەڵێنی خۆمان دووپات دەکەینەوە، کە هەموو هەوڵێکمان بخەینە گەڕ بۆ ئەوەی ئەو تاوانانەی دەرهەق بە گەلەکەمان کراوە، بە جینۆساید بناسێندرێن، و داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین، کە پشتیوانمان بن هەم بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانی ئەنفال،و هەمیش هاوکارمان بن کە جارێکی تر ئەو کارەسات و تراژیدیانە دووبارە نەبنەوە.

لە کۆتاییدا سڵاو و ڕێز دەنێرین بۆ ڕۆحی قوربانیانی ئەنفالی بارزانییەکان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان. سەری ڕێز و نەوازش بۆ خانەوادەکانیان دادەنوێنین.

لێژنەی شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی کوردستان

٣١/٧/٢٠٢٠