Skip to the content

شاندێكی لیژنه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و داكۆكیكردن له‌مافی مرۆڤ چاكسازییه‌كانی دهۆك به‌سه‌ر ده‌كاته‌وه‌

له‌درێژه‌ی سه‌ردانه‌ مه‌یدانییه‌كانیدا بەمەبەستی بەدوادچوون و له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌ڕەوشی مافی مرۆڤ لەگرتووخانەو چاكسازییه‌كان و گوێگرتن لەكێشەو داواكارییه‌كانیان و چۆنیەتیی جێبەجێكردنی رێنماییەكانی وەزارەته‌كانی تەندروستی و ناوخۆ تایبەت بەرێكارەكانی خۆپارێزی لەپەتای ڤایرۆسی كۆڕۆنا، ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌ 2020/6/22، شاندێكی لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لەمافی مرۆڤ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان كه‌پێكهاتبوو له‌ مه‌م ئه‌سكه‌نده‌ر و له‌یلا عه‌بدولجه‌بار ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌ سەردانی چاكسازیی پیاوان و چاكسازیی ژنان و منداڵانی له‌ شارى دهۆك كرد.
له‌سه‌ردانه‌كانیاندا شانده‌كه‌ له‌لایه‌ن بەڕێوەبەران و ستافی بەڕێوەبەرایەتیی چاكسازییه‌كانه‌وه‌ پێشوازییان لێكراو له‌دیداره‌كانیاندا گفتوگۆ لەسەر ڕەوشی مافی مرۆڤ و ره‌وشی بەندكراوان و كێشەو داواكارییه‌كانیان و چۆنیه‌تیی جێبەجێكردنی رێنماییەكانی وزارەته‌كانی تەندروستی و ناوخۆ تایبەت بەڕێكارەكانی خۆپارێزی لەپەتای ڤایرۆسی كۆڕۆنا COVID19 كرا.
هه‌ر له‌میانه‌ی سه‌رداكه‌یاندا شاندی لیژنەكەى په‌رله‌مان لەگەڵ سزادراوان كۆبووەوە بۆئەوەی لەنزیكەوە گوێ لەداواكارییەكانیان بگرن و جگە لەداواكردنی خۆپارێزی لێیان بەڵێنیان پێدان كە داواكارییەكانیان بگەیەننە لایەنی پەیوەندیدار.
له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كانیشیاندا شاندی لیژنه‌كه‌ بەڵێنی گەیاندنی داواكارییەكانی هه‌رسێ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌یان بەلایەنی پەیوەندیداردا بەمەبەستی چارەسەركردنیان.