Skip to the content

له‌ساڵیادى كیمیابارانكردنى هه‌ڵه‌بجه‌دا
د.رێواز فایه‌ق: "ئه‌م یاده‌ ڕۆژێکی ڕەش و په‌ڵه‌یه‌كی شەرمەزارییە به‌نێوچه‌وانی رژێمی لەناوچووی بەعسەوە"

له‌یادى 32 ساڵه‌ى كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌دا، سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌و تیایدا داوا له‌حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كات كه‌هه‌رچی له‌توانایدایه‌ بۆ خزمه‌تكردنی زیاتری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان درێغی نه‌كات، ئه‌مه‌ش ده‌قی په‌یامه‌كه‌یه‌:
له‌ 32 هه‌مین ساڵڕۆژی كیمیابارانی شاری شیرینی هه‌ڵه‌بجه‌دا، سه‌ری رێزو نه‌وازش بۆ شه‌هیدانی زوڵملێکراوی کارەساتەکەو سه‌رجه‌م شه‌هیدانی كوردستان داده‌نه‌وێنین، ئه‌م یاده‌ خەمهێنەرەی کە له‌مێژوودا ڕۆژێکی ڕەش و په‌ڵه‌یه‌كی شەرمەزارییە به‌نێوچه‌وانی رژێمی لەناوچووی بەعسەوە لەکاتێکدایە كه‌مرۆڤایەتی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ دووچاری ده‌ردو به‌ڵایه‌كی گه‌وره‌ بۆته‌وه، بۆیە بەپێویستی ده‌زانین جارێكی تر وه‌بیر كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تیی بهێنینه‌وه‌ كه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ر له‌سی و دوو ساڵ بەگازی کوشندەی خه‌رده‌ل و سیانید خنکێنراو به‌هۆیه‌وه‌ پێنج هه‌زار هاووڵاتیی مەغدوور له‌ژن و منداڵ و خه‌ڵكی سڤیل ڕۆحی پەپوولە ئاسایان بۆ هەمیشە بەرەو ئاسمان فڕی و بەجێیانهێشتین.
جێگەی ئاماژەیە پەرلەمانی کوردستان لەچوارچێوەی بەرپرسیارێتیی خۆیدا بە‌یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 2015، یاسای ئیداره‌ی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان-عێراق و بڕیاری ژمارە 23ی ساڵی 2014ی تایبەت بەناساندنی هەڵەبجە وەک پایتەختی ئاشتی لە هەرێمی کوردستانی په‌سه‌ند كردو لەبەر ڕۆشنایی ئەو یاساو بڕیارە ئه‌مڕۆ هه‌ڵه‌بجه‌ بووە بەپارێزگاو خاوه‌نی ناسنامه‌ی پایته‌ختی ئاشتییه‌و سه‌ربه‌خۆیی کارگێڕیی خۆی هه‌یه‌و بەشێک لەیه‌كه‌ ئیدارییه‌كانی هه‌یه‌و تاڕادەیەک له‌سه‌ر پێی خۆی ڕاوه‌ستاوه‌.
له‌م یاده‌دا ده‌خوازین حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌رچی له‌توانایدا بێت بۆ خزمه‌تكردنی زیاتری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان درێغی نه‌كات و له‌ده‌رفه‌تی گونجاودا ویست و داواكارییه‌كانی شاری شەهیدانی کیمیاباران له‌ڕووی پەیکەری کارگێڕیی پارێزگاو توانای مرۆیی و خزمەتگوزارییەوە جێبەجێ بکات، به‌جۆرێك كه‌ له‌ئاستی مێژوو و قوربانیدانی ئه‌م شاره‌ جوانه بێت.
د. ڕێواز فایه‌ق
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان
2020/3/15