Skip to the content

له‌یادى كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌دا
هێمن هه‌ورامى: "کیمیابارانکردنی هەڵەبجە یەکێکە لەگەورەترین ئەو تاوان و کۆمەڵکوژییانەی کەدژ بەمرۆڤایەتی کراوە"

به‌بۆنه‌ی یادى 32 ساڵه‌ی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌و تیایدا کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەى به‌درێژەپێدەری دەیان کۆمەڵکوژیی دیکە وه‌سف كرد کەڕژێمی بەعسی گۆڕبەگۆڕ دژ بەگەلانی کوردستان ئەنجامی داوە، ئه‌مه‌ش ده‌قى په‌یامه‌كه‌یه‌:
بەناوی خوای مەزن و دلۆڤان
ئه‌مڕۆ ۳۲ ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە تێدەپەڕێت، کە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی بەعسی رووخاو، هێرشکراو زیاتر لەپێنج هەزار کەس لە منداڵ و ئافرەت و گەنج و پیری هەڵەبجەو هەورامان بوونە قوربانیی ئەو کردەوە ترسنۆکانە.
کیمیابارانکردنی هەڵەبجە تاوانێکە نەک هەر دەرهەق بەگەلی کورد بەڵکو یەکێکە لەگەورەترین ئەو تاوان و کۆمەڵکوژییانەی کەدژ بەهەموو مرۆڤایەتی کراوەو تراژیدیایەکی سامناکەو پێویستە سەرجەم مرۆڤایەتیش بەگیانی بەرپرسیارێتییەوە بڕواننە ئەم کارەساتە گەورەیە.
کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە درێژەپێدەری دەیان کۆمەڵکوژیی دیکەیە کەڕژێمی بەعسی گۆڕبەگۆڕ دژ بەگەلانی کوردستان ئەنجامی داوەو هەرگیز لەیاد ناچنەوە، بوونه‌تە شاهێدی ستەملێکراوی و ماف و ڕەوایی خواست و داواکانی خەڵکی کوردستان.
لێرەوە داوا لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەموو وڵاتان دەکەین کارەساتی هەڵەبجە بەجینۆساید بناسێنن و قەرەبووی خەڵکی ئەم شارە بکه‌نەوە، عێراقیش ببێتە ئەندام لەدادگای تاوانى نێودەوڵەتی بۆئەوەی قەرەبووی هەموو قوربانیان و کەسوکاریان بکرێتەوەو لەدادگاو نێوەندە نێودەوڵەتییەکان وەک تراژیدیای نەتەوەیەکی ئازادیخواز بناسێندرێت.
بەو بۆنە خەمناکەوە كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسی كۆڕۆنا، ئه‌و په‌تایه‌ی كه‌ زۆربه‌ی وڵاتانی جیهانی گرتۆته‌وه‌ به‌هه‌رێمی كوردستانى خۆشمانه‌وه‌، به‌پێویستی ده‌زانم كه‌ داوا له‌هاووڵاتییان بكه‌م پابه‌ندى رێنماییه‌كان بن بۆ پاراستنی خۆیان و رێگه‌گرتن له‌بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسه‌كه‌.
هه‌ر به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ سڵاو دەنێرین بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدانی ئەو کارەساتەو هیوای چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازین.
هێمن هه‌ورامی
جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان
2020/3/15