Skip to the content

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازی لە کۆنسوڵی گشتی تورکیا لە هەرێمی کوردستان کرد

 ئه‌مڕۆ 19/5/2020 د. ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پێشوازی له‌ کۆنسوڵی گشتی توركیا هاكان كاراج كرد، له‌ دیدارێكدا باسی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا كرا، سه‌ره‌تا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان تیشكی خسته‌ سه‌ر هه‌موو ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی وفه‌رهه‌نگی و بازرگانیانه‌ كه‌ له‌ نێوان هه‌ردوولادا هه‌ن، و باسی فاكته‌رو كاریگه‌رییه‌ جوگرافیه‌كانیشی كرد كه‌ بووه‌ته‌ مایه‌ی توندو تۆڵی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كان.

له‌به‌شێكی تری قسه‌كانیدا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان باسی جوانی ومۆزائیكی پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵگای هه‌رێمی كوردستان و گرنگی پێكه‌وه‌ ژیانی نێوان پێكهاته‌كانی كردو ڕایگه‌یاند" یه‌كێك له‌ شانازییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و پێكه‌وه‌ ژیانه‌یه‌ كه‌ له‌ نێوان سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی كوردستاندا هه‌یه‌ و، پێكهاته‌كان به‌ یاسای ژماره‌ (5) ی ساڵی 2015 مافه‌ كلتووری وفه‌رهه‌نگییه‌كانیان پارێزراوه‌و، هه‌رێمی كوردستانیش به‌ قبووڵكردنی جیاوازییه‌كان و لێبوورده‌ییه‌وه‌ ناسراوه‌، وه‌ پێویسته‌ پێكهاته‌كان ڕۆڵێكی بێلایه‌نانه‌ ببینن له‌ به‌ریه‌كه‌وتنی نێوان هێزه‌ سیاسیه‌كان، به‌ تایبه‌ت له‌و كێشه‌و ململانێیانه‌ی، كه‌ په‌یوه‌ندی نیه‌ به‌ مافه‌ كلتووری و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی ئه‌وانه‌وه‌".

لای خۆیانه‌وه‌ کۆنسوڵی گشتی توركیا سوپاسی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كرد بۆ ئه‌م دیدار و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ و گووتی: ئێمه‌ له‌ هه‌موو كاتێكدا دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ په‌یوه‌ندییه‌كانمان به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بچن، به‌ تایبه‌ت له‌سه‌ر ئاسته‌كانی بازرگانی، گه‌شتوگوزار،ته‌ندروستی، وهیوای خواست كه‌ له‌ ئاینده‌دا په‌یوه‌ندییه‌كان زیاتریش به‌ره‌وه‌ پێشه‌وه‌ بچن.