Skip to the content

هێمن هه‌ورامی ساڵیادى یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردن له‌گه‌لى كوردستان پیرۆز ده‌كات

به‌بۆنه‌ى ساڵیادی یه‌كه‌مین خولى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ 19ى ئایارى 1992، هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان،په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌، ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تى:

به‌ناوی خودای گه‌وره‌و میهره‌بان

ئەمڕۆ ساڵیادی یەکەمین هەڵبژاردنی دیموکراسیی لە هەرێمی کوردستان، بەجێگەیاندنی یەکەمین بەڵێنی شۆڕشگێڕان و سەرکردایەتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستانە بۆ گواستنەوەی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بۆ سندووقەکانی دەنگدان، پیرۆزباییه‌كی گه‌رم ئاراسته‌ی ته‌واوی خه‌لكی كوردستان ده‌كه‌ین، ئەو ڕۆژە سەرەتای قۆناخێکی نوێ بوو لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان، لە یەکەمین ئەزموونی رزگاریی میللەتی کوردستان، ڕاستەوخۆ پەنای بۆ ئامرازە دیموکراسییەکان برد بۆ یەکلاییکردنەوەی رکابەرییەکان و پێشڕەوایەتی و ئیدارەکردن و مافی پێدانی گفتوگۆکردن بە هەڵبژێردراوان لەپێناو بەرژەوەندیی گەل و وڵات، لەو رۆژەدا بناغەی دەوڵەتداری و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان جاڕدرا، وەڵامی هەموو ئەوانه‌ش درایەوە کە پێیان وابوو گەلی کوردستان ناتوانێت ئیدارەی خۆی بکات و شارەزایی لە پێشکەوتندا نییە، بەڵام بەئەزموونە دیموکراسییەکەمان بۆ دۆست و دوژمنان سەلمێندرا، کە گەلی کوردستان نەک هەر توانای ئیدارەدانی خۆی هەیە، بەڵکو ئێستا ئەزموونەکەمان بووەتە نموونەی پێکەوەژیان و فەزای ئازادو دیموکراسی و ئازادی دەربڕین لە ناوچەیەک کە هەموو ئەو بنەمایانە تێیدا ونن و هەموویان لەخەوی شەڕو گەڕانەوەی مۆنۆپۆلن.

هه‌ر لەساڵیادی یەکەمین هەڵبژاردنى په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌، وێڕای سەختی و ئاستەنگەکان ئێستا خولی پێنجەمی پەرلەمانەو لە رووی نوینەرایەتی و بەشداریی سیاسی فراوانترین رووبەری پێکهاتەی کوردستان دەگرێتەوەو جەخت دەکه‌ینه‌وه‌ کە هەمیشە پەرلەمان بەشێک بێت لە چارەسەر بۆ سەرجەم لایەنەکان و چەتری کۆکەرەوەى گشت لایه‌نه‌كان و قووڵترکردنەوەی گیانی کاری پێکەوەیی و قووڵترکردنی کولتووری دیموکراسی و دیالۆگ و بەرز ڕاگرتنی بەرژەوه‌ندیی گەل و نیشتیمان لەسەروو هەموو بەرژەوەندییەکانی دیکەوە بێت، پێویستە پەرلەمان جێگەی هەموو پێکهاتە ئاینیی ونەتەوەییەکان بێت، بە هەمووان پارێزەری پێکەوەژیانی ئاشتی و برایانەبین، کە سیمایەکی دیاری ناسینەوەی کوردستانە، هەروەک دەبێ پێکهاتەی کورد و شۆڕشگێڕەکانی بەرگریکاری سەرسەختی مافی هه‌موو پێکهاتەکانی دیکە بین، نەک بچنە بەری دژ بە مافی ئەوان، چونکە دەبێ ئەوان و هەموو پێکهاتەکانی دیکە لەبیریان بێت، کە کاتێک پێکهاتەیەک خۆی فەرز دەکات و هەموو شتێک لە دەستی خۆی بێت، پێکهاتەکانی دیکە دەچەوسێنێتەوە، بۆیە پێویستە هەموومان وانە لە سەردەستەیی تاکە یەک پێکهاتە وەربگرین بەر لە راپەڕینی خەڵكی کوردستان و رێگری بکەین لە دووبارەبوونەوەی.

هاوکات دووپاتی پابەندبوونی تەواو بە رێکارە یاسایی و دیموکراسییەکان دەکەینەوە بۆ چارەسەری گرژی و ناکۆکییەکان، پێویستە هەموومان پابەند بین بەو بنەمایانە بۆ مامەڵەکردن و دەرفەتی زیاتری پێکەوەیی بوون، لەو ئانوساتەدا کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتە ئابوورییەکانی هەموو جیهان رووبەڕووی دۆخێکی سەخت بووەتەوە، خەڵکی کوردستانیش بەهۆی بارودۆخی چەند ساڵی شەڕی داعش و بڕیاری نادەستووریانەی حکوومەتی عێراق بۆ بڕینی قوت و بودجەی خەڵکی کوردستان، بەکارهێنانی وەک کارتی سیاسی، دۆخەکە سەختر بووە.

پێویستە هەموو لایەک پشتیوانی لە هەنگاوەکانی چاکسازی بکەین، و سەلمێندرا کە تەنیا بە چاکسازی دەتوانین سەرلەبەری کار و پێشڤەچوونەکانمان رێكبخەین و پشتیوانی بکەین لە هەوڵەکانی حکوومەت بۆ کەمکردنەوەی خەرجی و ئەنجامدانی چاکسازی و زیادکردن و فرە رەهەندکردنی سەرچاوەکانی داهات.

جارێكی تر بەم بۆنەیەوە پێرۆزبایی له‌ ته‌واوی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ین و سه‌ری رێز و نه‌وازش بۆ رۆحی شه‌هیدانی رێگای رزگاریی گه‌له‌كه‌مان داده‌نوێنین، سڵاو له‌ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانی كوردستان، سڵاو بۆ خه‌ڵكی خۆشه‌ویستی كوردستان هه‌میشه‌ شادو سه‌رفرازبن.

هێمن هه‌ورامی

جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان

19/5/2020