Skip to the content

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پێشوازی له‌باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌عێراق ده‌كات

له‌دیدارێكى نێوان سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و باڵیۆزی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌عێراق، بارودۆخ و دواپێشهاته‌ سیاسییه‌كانی عێراق و كوردستان گفتوگۆى له‌باره‌وه‌ كرا.
ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌ 15/9/2020، د.ڕِێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ماتیۆ توله‌ر باڵیۆزی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌عێراق و ڕۆب واله‌ر كونسوڵی گشتیی ئه‌مریكا له‌هه‌ولێرو شاندی یاوه‌ریان كرد.
له‌سه‌ره‌تای دیداره‌كه‌دا سه‌باره‌ت به‌په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق، د.ڕێواز فایه‌ق ڕایگه‌یاند: "ئێمه‌ پێمانوایه‌ هیچ بژارده‌یه‌ك له‌ڕیككه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدڕالی باشتر نییه‌، عێراق قووڵایی ستراتیژیی هه‌رێمی كوردستانه‌و، په‌رله‌مانی كوردستان پشتیوانی له‌گفتوگۆو ڕێككه‌وتنی نێوان هه‌ولێرو به‌غدا ده‌كات".
سه‌باره‌ت به‌پرسی چاكسازیش گووتی: "پێویسته‌ چاكسازی له‌خه‌رجییه‌كان و كۆكردنه‌وه‌ی داهات وه‌كو یه‌ك بێت، په‌رله‌مانی كوردستان ڕاپۆرتی باشی سه‌باره‌ت به‌ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان بۆ نایه‌ت، بۆیه‌ لێژنه‌ی دارایی په‌رله‌مان به‌دواداچوون بۆ دۆخی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان ده‌كات و ئێمه‌ چاوه‌ڕوانی ڕاپۆرتی ئه‌وانین، پێویسته‌ له‌سه‌ر حكومه‌ت به‌كردار ناوه‌ڕۆك و بڕگه‌كانی بریارەکانی خۆی لەبواری چاكسازی لەداهات جێبه‌جێ بكات".
سه‌باره‌ت به‌ڕووداو و خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی شاره‌كانی هه‌رێمى كوردستان، سه‌رۆكی په‌رله‌مان گووتی: "ئێمه‌ سكاڵایه‌كی زۆرمان بۆ هاتووه‌ له‌سه‌ر گرتنی ئه‌و هاووڵاتییانه‌ی كه‌هه‌وڵی خۆپیشاندانیان داوه‌، ئه‌وه‌ مایه‌ی نیگه‌رانیمانه‌، بۆیه‌ لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانمان ڕاسپاردووه‌ بۆ به‌دواداچوون له‌دۆخی ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی كه‌زیندانیكراون و چاوه‌ڕوانی ڕاپۆرتی ئه‌وان ده‌كه‌ین".
ماتیۆ توله‌ر باڵیۆزی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌عێراق، ستایشی ڕۆڵی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانى كرد كه‌ له‌به‌رده‌م ئه‌م ته‌حه‌دییاتانه‌دا وه‌ك ژنێكی سه‌ركه‌وتوو سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان ده‌كات، هیوای به‌رده‌وامی و سه‌ركه‌وتنی زیاتری بۆ به‌ڕێزیان خواست.
له‌به‌رامبه‌ردا د.ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان سوپاسگوزاریی خۆی بۆ وڵاته‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ده‌ربڕی كه‌ له‌هه‌موو قۆناغه‌كاندا هاوكاری و پاڵپشتیی كوردستانیان كردووه‌، به‌تایبه‌ت له‌شه‌ڕی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆرستانی داعش، هیوای خواست ‌ئه‌م هاوكاری و پاڵپشتییانه‌ی ئه‌مریكاو كۆمه‌ڵَگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌رده‌وام بێت بۆئه‌وه‌ی بتوانین باشتر ڕووبه‌ڕووی ئاڵنگارییه‌كان ببینه‌وه‌.