Skip to the content
Menu

لیژنەی شارەوانی بەدواداچوون بۆ کێشەکانی دانیشتوانی گوندی کۆری له‌هه‌ولێر دەکات

ڕۆژی یەکشەممە 2020/12/20، ژمارەیەک لەدانیشتوانی گوندی کۆری لەشاری ھەولێر بەمەبەستی گەیاندنی چەند کێشەیەکی گەڕەکەکەيان، سەردانی لیژنەی شارەوانیی په‌رله‌مانيان کردو لەلایەن لوقمان وەردی سەرۆکی لیژنەو زکری زێباری ئەندامی لیژنە پێشوازیى لێکرا.
له‌دیدارێكدا دانیشتوانی گوندی کۆری یاداشتێكیان دایه‌ لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان و تیایدا چه‌ند داواكارییه‌كیان خستبووه‌ ڕوو له‌وانه‌ دەروازەی گوندەکە بەھۆی پڕۆژەی تازەی نیشتەجێبوون بەرەو ڕووی جادەی ١٥٠ مەتری دانەخرێت، شوێنی سەوزایی بەردەم دەروازەکە بەر پڕۆژەکە نەکەوێت و پارێزگاری لەناوچەی سەوزایی بکرێت، دوو بیری ئاوی لێیە کەئاوی خواردنەوەی گەڕەکەکە دابین دەکات دەکەوێتە ناوچەی سەوزایی بەردەم گوندی کۆری پارێزگاریی لێبکرێت، داواشیانکرد كه‌ لیژنەی شارەوانی سەردانێكی مه‌یدانیى گەڕەکەکەیان بکات بۆ زیاتر ئاگاداربوون لەکێشەکانی و ھەوڵدان بۆ چارەسەرکردنیان.
ھەر هه‌مان ڕۆژ شاندێکی لیژنەی شارەوانی بەسەرۆکایەتیی لوقمان وەردی سەرۆکی لیژنەو ئەندامیه‌تیی د.زێدان برادۆستی و د.محێدین حسن و زکری زێباری ئەندامانی لیژنەكه‌، سەردانی گەڕەکەکەیان کردو لەنزیکەوە لەگەڵ دانیشتوانی گەڕەکەکە کۆبوونەوەو پێیان ڕاگەیاندن کەداواکانیان ڕەوایەو بەڵێنیان پێدان وەک لیژنە سەردانی وەزارەتی شارەوانی دەکەن بەمەبه‌ستی چارەسەرکردنی کێشەکانیان.
گوندی کۆری دەکەوێتە نێوان شەقامی ١٥٠ مەتریی ھەولێرو ناحیەی بەحرکە لەئێستادا ١٥٠٠ سەرخێزان نیشتەجێى ئەو گوندەن، پێشتر وەک یەکەی نیشتەجێبوون بەسەر کرێنشینان و کەسانی کەمدەرامەت دابەشکراون.