Skip to the content
Menu

سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمان بە هاوکاریی ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤ وۆڕکشۆپێکی بۆ پەرلەمانتاران سازکرد

لەچوارچێوەی کارەکانی سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمانی کوردستان بۆ پەرەپیدانی توانای کاری پەرلەمانی، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ ٢٣ی ئەیلوولی ٢٠١٩، سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمان بەهاوکاریی ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤ لە یۆنامی وۆرکشۆپێکى لەبارەی (پرۆسە تایبەتەکان و دەستەی پەیماننامەکان) بۆ لیژنەکانی (مافی مرۆڤ) و (كاروبارى یاسایی) و (کۆمەڵی مەدەنی) و (ناوخۆ)ى په‌رله‌مانی كوردستان رێكخست.
لە وۆڕکشۆپەکەدا کە لەلایەن ژمارەیەک وانەبێژ لە ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی سەر بە یۆنامی وترایەوە، تیشک خرایەسەر کاری پەرلەمانی لەمیانەی بنەما سەرەکییەکانی مافی مرۆڤ، سەرەتا فوئاد ئەحمەد بەرپرسی سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمانی کوردستان باسی گرنگی ئەنجامدانی ئەوجۆرە وۆركشۆپانەی بۆ ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان کرد، لەپێناو بەهێزکردن و فراوانکردنی دیدی پەرلەمانتاران لە کاری پەرلەمانی.
پاشان لەلایەن وانەبێژانی سەر بەئۆفیسی مافەکانی مرۆڤ لە یۆنامی سەرجەم بابەتەکان وترانەوە کە خۆی لە پرەنسیپەکانی پەرلەمان و مافەکانی مرۆڤ و پاراستنی مافە مرۆییە نێونەتەوەییەکان و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و گرووپەکانی کار و بڕیاردەرە تایبەتەکان ده‌بینییه‌وه‌، هەروەها رۆڵی لیژنەی مافی مرۆڤ و لیژنەکانی تری پەرلەمانی کوردستان لە برەودان بەمافەکانی مرۆڤ لەتەوەرە سەرەکییەکانی وۆڕکشۆپەکە بوون.
پەرلەمانتارانیش بەتێبینی و پرسیارو روونکردنەوەکانیان وۆرکشۆپەکەیان دەوڵەمەندتر کرد.