Skip to the content

بڕیارى پێشكه‌شكردنی پێشنیازه‌یاساو پێشنیازه‌بڕیار له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مان په‌سندكراو خولی به‌هاره‌ش بۆ یه‌ك مانگ درێژ كرایه‌وه

سه‌عات 1ى پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌ 2020/6/29، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان و ئاماده‌بوونى هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منى نبى قه‌هوه‌چى سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (5)ی ئاسایی خولی به‌هاره‌ی ساڵی دووه‌م له‌ خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تا د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ناوى خواو گه‌لی كوردستانه‌وه‌ دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه، پاشان له‌لایه‌ن منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه‌ خوێندرایه‌وه‌ كه‌ له‌دوو خاڵ پێكهاتبوو خاڵی یه‌كه‌م بریتی بوو له‌ده‌نگدان له‌سه‌ر پێشنیازه‌بڕیاری (پێشكه‌شكردنی پێشنیازه‌یاساو پێشنیازه‌بڕیار له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، به‌ده‌ر له‌حوكمی مادده‌ی (82)ی په‌یڕه‌وی ناوخۆ)، به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (79، 80، 82) له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، خاڵی دووه‌م و كۆتایى به‌رنامه‌ى كاریش بریتی بوو له‌درێژكردنه‌وه‌ى خولی به‌هاره‌ى ساڵی دووه‌م له‌خولى هه‌ڵبژاردنی پێنجه‌می په‌رله‌مانى كوردستان، به‌پێی بڕگه‌ی چواره‌م له‌مادده‌ى (7)ى په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانى كوردستان.
هه‌روه‌ها سكرتێری په‌رله‌مان پوخته‌ى دانیشتنى پێشووى په‌رله‌مان و ناوى ئاماده‌نه‌بووانی دانیشتنی پێشوو و كۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كان به‌مۆڵه‌ت و بێ مۆڵه‌تى خوێنده‌وه‌.
به‌ر له‌ده‌ستكردن به‌ به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌، له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه‌ به‌پێی خاڵی په‌یڕه‌وی چه‌ندین پرسیار سه‌باره‌ت به‌پرسه‌كانی دۆخی دارایی و مووچه‌و قه‌رزه‌كان و پرسى ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ی هه‌رێم و جێبه‌جێكردنی پرۆسه‌ی چاكسازی و خاڵه‌ سنوورییه‌كان و گومرگه‌كان و ره‌وشی ته‌ندروستى و له‌شكركێشییه‌كان و تۆپبارانكردنی سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستان و دانوستاندنه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندى و بابه‌تی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى قه‌واره‌ى هه‌رێمی كوردستان ئاراسته‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كرا.
له‌ به‌رامبه‌ردا د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان وه‌ڵامی سه‌رجه‌م ئه‌و سه‌رنج و تێبینی و پرسیارانه‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستانى دایه‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌راگه‌یاندنى 27 ملیار دۆلار قه‌رز له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن به‌ڕێز سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاند: "خۆتان ده‌زانن ئه‌و دۆسییه‌یه‌ ئێستا له‌لای دیوانی چاودێریی داراییه‌، ئێمه‌ به‌ به‌رده‌وامی له‌ په‌یوه‌ندین له‌گه‌ڵ دیوانی چاودێریی دارایی، ته‌نانه‌ت ئه‌و به‌یانییه‌ش قسه‌مان له‌گه‌ڵ كردوون ئه‌وان ئه‌ڵێن ئێمه‌ یه‌كشه‌مه‌ وردبینییه‌كانمان له‌سه‌ر ئه‌م بڕه‌ قه‌رزه‌ى كه‌ راگه‌یه‌ندراوه‌ ته‌واو ده‌بێت، دڵنیاتان ده‌كه‌ین دوای ئه‌وه‌ى كه‌ وردبینیی دیوانی چاودێریی دارایی ته‌واو ده‌بێ و ئه‌و لیسته‌، ئه‌و خشته‌ وردبینی كراوه‌ دێته‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌یده‌ینه‌ لیژنه‌ی دارایی و راپۆرتیان ئاماده‌ ده‌كه‌ن كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ئاماده‌بوونی حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به‌و دۆسییه‌یه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجام ده‌درێ".
سه‌باره‌ت به‌بابه‌تی مووچه‌و قه‌یرانه‌كان و لێبڕینه‌كان و سه‌رجه‌م ئه‌و پرسه‌ گرنگ و هه‌نووكه‌ییانه‌ى كه‌ له‌دانیشتنه‌كه‌دا باسكران، سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاند: "ئێمه‌ له‌ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بڕیارمانداوه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و پرس و بابه‌تانه‌ به‌پێی ریزبه‌ندی بخه‌ینه‌ به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كان"، داواشی له‌ لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان به‌ هه‌ر پرسێك له‌و پرسانه‌ كرد له‌ به‌دواداچوونه‌كانی خۆیان به‌رده‌وام بن و راپۆرت و یاداشتی خۆیان له‌سه‌ر ئه‌و پرس و بابه‌تانه‌ ئاماده‌ بكه‌ن.

سه‌باره‌ت به‌هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى قه‌واره‌ى هه‌رێمی كوردستان كه‌ئێستا لێره‌و له‌وێ باس ده‌كرێ، سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان رایگه‌یاند: "قسه‌كردن له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى قه‌واره‌ى هه‌رێمی كوردستان هی هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ركردنه‌، قه‌واره‌ى هه‌رێمی كوردستان جگه‌ له‌وه‌ى كه‌به‌رهه‌می خوێنی شه‌هیدانى گه‌له‌كه‌مانه‌و ره‌نج و تێكۆشانی تێكۆشه‌ره‌كانییه‌تی، به‌رهه‌می ئه‌و ره‌نجه‌ زۆره‌یه‌ كه‌هه‌زاران ژنی كورد گه‌نجی خۆیانیان له‌پێناوی به‌خێوكردنی مناڵه‌ بێنازه‌كانیان دانا، فرمێسكی ئه‌و دایكانه‌یه‌ كه‌ رۆڵه‌كانیان به‌جوانه‌مه‌رگى له‌به‌رده‌ستیانا هه‌ڵگیراو شه‌هیدبوون، تێكۆشانی چه‌ندان ساڵه‌ی میلله‌ته‌كه‌مانه‌".
سه‌رۆكی په‌رله‌مان گووتیشی: "قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان قه‌واره‌یه‌كی ده‌ستووریی باوه‌ڕپێهێنراوه‌ له‌سه‌ر ئاستی عێراق و له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌و له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی كه‌ ئێمه‌ هه‌رێمێكی فیدرالین، په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌و په‌رله‌مانه‌ به‌ڕێزه‌ له‌ساڵی 1992 خۆی مه‌بده‌ئی فیدرالییه‌تی په‌سند كردووه‌، بۆیه‌ هه‌ر قسه‌كردنێك له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌و قه‌واره‌یه‌ قسه‌كردنێكه‌ كه‌ ده‌بێ قسه‌ له‌سه‌ر ده‌ستوورییه‌تی ئه‌و قسه‌یه‌ بكرێ و قسه‌ له‌سه‌ر قانوونییه‌تی ئه‌و قسه‌یه‌ بكرێ، ئێمه‌ له‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كه‌ دڵنیام ئێوه‌ش هه‌مان بۆچوونتان هه‌یه‌ پێمان وایه‌ ده‌كرێ، ئاساییه‌ خه‌ڵكى هه‌ریًمی كوردستان، نوخبه‌، په‌رله‌مانتاران، رۆژنامه‌، راگه‌یاندنه‌كان، هه‌ر چ قسه‌یه‌كیان له‌سه‌ر ئه‌دای حكومه‌ت، ئه‌دای په‌رله‌مان، ئه‌دای سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێم، هه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌كی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ هه‌بێت ده‌كرێ قسه‌یان له‌سه‌ر سیسته‌م هه‌بێت هه‌ر شێوازه‌ قسه‌یه‌كیان هه‌بێت دروسته‌و رێپێدراوه‌و ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی راده‌ربڕین و راده‌ربڕینی ئازادانه‌ كه‌ هه‌موومان ده‌بێ رێزی بگرین، به‌ڵام قسه‌كردن له‌سه‌ر قه‌واره‌ى هه‌رێمی كوردستان قسه‌كردنێكه‌ كه‌نابێ ئێمه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان قبوڵمان بێت، چونكه‌ قسه‌یه‌ به‌رامبه‌ر به‌ مه‌بادئى ده‌ستوورى كه‌ باوه‌ڕمان پێی هێناوه‌و ده‌نگمان پێی داوه‌و ناكۆكه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕیاره‌ى كه‌ لێره‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ته‌سبیتكردنی فیدرالییه‌ت وه‌كو مه‌بد‌هء له‌ساڵی 1992 دراوه‌".
دواتر به‌پێی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌ له‌سه‌ر راسپارده‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاروبارى یاساییه‌وه‌ لیژنه‌كه‌ سه‌باره‌ت به‌پێشنیازه‌بڕیاری پێشكه‌شكردنی پێشنیازه‌یاساو پێشنیازه‌بڕیار له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه‌، دوای خوێندنه‌وه‌ى ناوونیشان و بڕگه‌كانی و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنی پێشنیازه‌بڕیاره‌كه‌ به‌و پێشنیازانه‌ى كه‌ هه‌بوون له‌سه‌ر هه‌ندێ له‌ بڕگه‌كانی به‌جیا خرانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و په‌سند كران و ده‌رچوواندنى ئه‌و بڕیاره‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌بوو كه‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ره‌تای وه‌رزى گرێدانی یه‌كه‌می ساڵی دووه‌می خولی پێنجه‌م، به‌هۆی په‌تای جیهانیی كۆڕۆناوه‌ نه‌یتوانی ده‌وامی ئاسایی خۆی بكات، هه‌روه‌ها بۆئه‌وه‌ى نوێنه‌رانی گه‌ل له‌ په‌رله‌مان ده‌رفه‌تی یه‌كسان و گونجاویان له‌كارى په‌رله‌مانی بۆ بڕه‌خسێت بۆ پێشكه‌شكردنی پێشنیازه‌بڕیارو پێشنیازه‌یاسا له‌پێناو خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیدا.
سه‌باره‌ت به‌خاڵی دووه‌می به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌ كه‌ بریتی بوو له‌ درێژكردنه‌وه‌ى خولی به‌هاره‌ى په‌رله‌مان، سه‌ره‌تا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان مه‌به‌ستى درێژكردنه‌وه‌ى خوله‌كه‌ی خسته‌ڕوو و رایگه‌یاند: "به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی ژماریه‌ك كۆبوونه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌دۆخی دارایی هه‌رێمی كوردستان، مووچه‌، قه‌رزه‌كان، ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ی هه‌رێم، جێبه‌جێكردنی پرۆسه‌ی چاكسازی و به‌رده‌وامیی پرۆسه‌ی چاكسازی له‌خاڵه‌ سنوورییه‌كان، گومرگه‌كان و باج و خه‌راج و رسومی گومرگی و بابه‌تی ته‌ندروستى كه‌ بابه‌تێكی گرنگه‌ له‌گه‌ڵ بابه‌تی له‌شكركێشی و تۆپبارانكردنی سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستان و دانوستاندنه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندى"،و ئه‌وه‌شی خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌و به‌ ده‌نگی 70 په‌رله‌مانتار په‌سندكراو خولی به‌هاره‌ بۆ ماوه‌ی یه‌ك مانگ له‌ 7/1ه‌وه‌ تا 8/1 درێژ كرایه‌وه‌و به‌مجۆره‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان كۆتایی به‌دانیشتنه‌كه‌ هێنا.