Skip to the content

عه‌دنان موفتی سه‌رۆكی په‌رله‌مان لە خولی دووەم

ژیاننامه

*ساڵی 1949 له‌بنه‌ماڵه‌ییه‌کی ئاینیی و تێکۆشه‌ری دیاری شاری هه‌ولێر له‌دایکبووه.‌

*خاوه‌نی بروانامه‌ی بکالۆریۆسه‌ له‌ ژمێریاری.‌

*سالی 1971  له‌ئه‌منی عاممه‌ی به‌غدا زیندانی کراوه‌و چه‌ندین جاریش له‌سه‌ر چالاکی سیاسی له‌لایه‌ن وڵاتانی دراوسێ‌ گیراوه‌.

* سالی 1963 په‌یوه‌ندی کردووه‌ به‌ریکخستنه‌کانی پارتی دیموکرای کوردستان و له‌ساڵانی  1971 – 1974 لێپرسراوی قوتابیانی زانکۆی موسته‌نسریه‌ بووه.‌

*ساڵی 1974 به‌هۆی تیکچوونی په‌یوه‌ندی نێوان شۆرش و رژێمی به‌عس  په‌یوه‌ندی به‌شۆڕش-وه‌ کردووه،‌ هه‌ر ئه‌و ساڵه به‌شداری له‌دامه‌زراندنی ده‌زگای دارایی‌ شۆڕشی ئه‌یلول کردووه.

*له‌پاش هه‌ره‌سهێنانی ‌ شۆرشی ئه‌یلول له‌ساڵی 1975 راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستانه‌وه‌ کرد که‌ له‌ 1/6/1975 دامه‌زراو رۆلی به‌رچاوی هه‌بووه‌.

*ساڵی 1975 - 1977 چۆته سوریا و خه‌ریکی کاری سیاسی و رێکخستن بووه‌.

*1978 گه‌راوه‌ته‌وه‌ کوردستان وه‌ک پێشمه‌رگه‌یه‌ک به‌شداری له‌شۆڕشی نوێ کردووه‌.

* یه‌کێک بووه له‌ئه‌ندامانی دامه‌زرێنه‌ری حزبی سۆسیالیستی کوردستان و له‌‌ 8/8/1979 بووه‌ به‌ئه‌ندامی سه‌رکرداییه‌تی حزبی سۆسیالیست و رۆڵی به‌رچاوی له‌ئاشتبوونه‌وه‌ی گشتی و دامه‌زراندنی به‌ره‌ی کوردستانی هه‌بووه‌.

*1979 – 1992 رۆڵی به‌رچاوی له‌بواری په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌ سیاسی و عه‌ربی و نێوده‌وڵه‌تییه‌کاندا هه‌بووه‌و له‌پاریس و له‌نده‌ن و واشنتۆن و دیمه‌شق و قاهیره‌و سوید و چه‌ند شارێکی تر،

* به‌شداری ده‌یان کۆروکۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمایه‌تی کردووه‌.

*ساڵی 1995 بۆته‌ ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان و لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی (3)ی هه‌ولێر.

*له‌زۆربه‌ی کۆبوونه‌وه‌کانی بۆ چاره‌سه‌رکردنی شه‌ری ناوخۆ به‌شداربووه‌و رۆڵی به‌رچاوی هه‌بووه‌و فاکته‌رێکی گرنگی ئاشتی و ته‌بایی بووه‌ له‌کۆبوونه‌وه‌کانی تاران و له‌نده‌ن و دیمه‌شق،رۆڵی به‌رچاویشی له‌ ئیمزاکردنی رێککه‌وتننامه‌ی ئه‌نقه‌ره‌ هه‌بووه‌ له‌ ساڵی 1996.

* سێ ساڵ نوێنه‌ری یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان بووه‌ له‌ قاهیره‌ی پایته‌ختی مسر و یه‌کێک بووه‌ له‌رێکخه‌رانی دیالۆگی کوردی و عه‌ره‌بی که‌ساڵی 1998 له‌قاهیره‌ به‌سترا.

*ده‌یان وتاری له‌رۆژنامه‌و گۆڤاره‌کان به‌زمانی کوردی و عه‌ره‌بی بڵاوکردۆته‌وه‌.

*دوو کتێبی به‌ناوی (العلاقات العربیه‌ الکوردیه‌) و (حوار العربی الکوردی) بڵاوکردۆته‌وه‌.

*ساڵی 1999 له‌حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان پۆستی وه‌زیری شاره‌وانی وه‌رگرتووه‌و دواتریش بۆته‌ وه‌زیری دارایی و ئابووری و پاشان بۆته‌ جێگری سه‌رۆکی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان.

*له‌ کۆنگره‌ی دووه‌می یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان-دا دووباره‌ به‌ ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی و پاشان به‌ ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی هه‌ڵبژێردراوه‌.

*تا ئێستا (3) جار له‌ مردن رزگاری بووه‌، 1974 له‌ بۆردومانی شارۆچکه‌ی چۆمان، له‌رۆژی 24/11/1987 له‌ناوچه‌ی مه‌رگه‌ به‌ده‌ستی موخابه‌راتی رژێمی به‌عس له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک له‌ هه‌ڤاڵه‌کانی  به‌ژه‌هری سالیۆم ژه‌هرخوارد کران،‌ تێیدا 3 که‌س له‌ هه‌ڤاڵانی شه‌هید بوون و ئه‌ویش به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌رکردن گوێزرایه‌وه‌ بۆ له‌نده‌ن، ساڵی2004 له‌کاره‌ تیرۆریستییه‌که‌ی (1)ی شوباتی شاری هه‌ولێر به‌سه‌ختی برینداربووه‌ بۆ ماوه‌ی (4) مانگ له‌ژێر چاودێری پزیشکی ماوه‌ته‌وه‌.

*زمانه‌كانی کوردی و عه‌ره‌بی و تورکی و فارسی و ئینگلیزی و فه‌ره‌نسی ده‌زانێت.

*له‌ 4ی حوزه‌یرانی ساڵی 2005 پاش خولی دووه‌می هه‌ڵبژاردنه‌کانی کوردستان به‌ سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان هه‌ڵبژێردرا.