Skip to the content
Menu

ئەنجومەنی وەزیران رۆژی ئاڵای بەرز ڕاگرت

ئاڵای كوردستان لەلایەن پێشمەرگە رێناس فەرزندە نەزەت، كە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش بریندار ببوو، بەیاوەری بەڕێز كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت بەرزكرایەوە

لەم ڕێوڕەسمەدا كە ژمارەیەك لە وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان وكارمەند وفەرمانبەرانی دام ودەزگاكانی حكومەت ئامادەی بوون، دوای پێشكەشكردنی سروودی ئەی ڕەقیب، ئاڵای كوردستان لەلایەن پێشمەرگە رێناس فەرزندە نەزەت، كە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش بریندار ببوو، بەیاوەری بەڕێز كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت بەرزكرایەوە .

دواتر بەڕێز كەریم سنجاری بە ناوی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە وتارێكی پێشكەش كرد تیایدا وێڕای پیرۆزبایی بەبۆنەی ئەم رۆژەوە جەختی لەسەر ئەوە كردەوە حكومەت هەمیشە گرنگی بە یادكردنەوەی رۆژانی سەروەری ورۆژانی سەخت ودژواری گەلی كوردستان داوە وئەمەش وای كرد پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2009 دا بڕیاری دا ئەم رۆژە وەكو رۆژی ئاڵا بناسێنێت كە هاوكاتە لەگەڵ هەڵكردنی ئەم ئاڵایە لە شاری مهابادی پایتەختی كۆماری كوردستان.

 

وەزیری ناوخۆ ئەوەی خستەڕوو هەرێمی كوردستان بە چوار ساڵی زۆر هەستیاردا تێپەڕی وخۆی لە چەندین بەربەست وقەیران دەرباز كرد ودووپاتیكردەوە بە هەوڵی پێشمەرگە قارەمانەكانی وەكو ڕێناس فەرزندە وهێزەكانی ئاسایش وناوخۆ وكارمەندانی حكومەت هەرێمی كوردستان بە پارێزراوی مایەوە وگەلی كوردستان سەلماندی یەك دەنگ ویەك هەڵوێستە بەرامبەر هەموو ئەم بەربەستانە وئاسۆیەكی گەش چاوەڕێی گەلی كوردستان وهەرێمی كوردستان دەكات.

شایانی باسە پەرلەمانی كوردستان كە لە ساڵی 2009 بڕیاری دیاریكردنی رۆژی 17ی دیسەمبەری بە رۆژی ئاڵا دابوو، هاوكات لە ساڵی 1999 ، پەرلەمان بە فەرمی ئەو ئاڵایەی بەو شێوەیەی ئێستای وەكو ئاڵای فەرمی هەرێمی كوردستان ناساند.