Skip to the content
Menu

لیژنەی تەندروستی پێشوازی لە رێکخراوی خانمە پزیشکەکانی کوردستان دەکات

بەمەبەستی گەیاندنی کۆمەڵێک  داواکاری و خستنە رووی کێشە و گرفتەکانیان سەعات ١١ی پێش نیوەرۆی ئەمرۆ دووشەممە ١٩/٨/٢٠١٩ لێژنەی کاروباری تەندروستی و ژینگە و مافی بەکاربەر بە سەرپەرشتی د.صباح محمود سەرۆکی لێژنە و بەئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندامان و راوێژکارانی لێژنەکە پێشوازییان لە رێکخراوی خانمە پزیشکەکانی کوردستان کرد.

لەکۆبوونەوەیەکدا کە لە هۆڵی لێژنەی کاروباری تەندروستی و ژینگە و مافی بەکاربەر بەرێوەچوو، شاندی میوان یاداشتێکیان پێشکەش بە لێژنەکە کرد کە خۆی لە چەند داواکارییەک دەگرتەوە لەوانە دەرکردنی یاسای پاراستنی پزیشک و کارمەندانی تەندروستی ، و هاوکاری کردنی لێژنەی تەندروستی بۆ دروستکردنی سەندیکایەکی کارمەندانی تەندروستی تایبەت بە خانمان، چونکە زیاتر لە سەدا پەنجای کارمەند و پزیشکەکانی تەندرستی لە خانمانن بەڵام بەرکەوتەیان لە پۆستە باڵاکانی کەرتی تەندرستی و سەندیکاکان کەمترە لە سەدا سێ، هاوکات لە یاداشتەکەیاندا جەختیان لەسەر دەزگاکانی راگەیاندن کردەوە کە رۆڵی ئەرێنی ببینن و بەرپرسانەتر مامەڵە لەسەر کێشە و گرفتەکانی پزیشک و کارمەندانی تەندروستی بکەن.

لەبەرامبەردا سەرۆک و ئەندامانی لێژنەکە پشتگیری خۆیان بۆ یاداشتەکەیان دەربری و بەڵێنیاندا  ئەوەی لەبەرژەوەندی بەرەو پێش بردن و چارەسەر کردنی کێشەکانی ئەم کەرتە پێت درێغی لێ ناکەن و ئەوەشیان خستە روو کە لە ئێستادا  ڕاپۆرتی پرۆژە پێشنیازی مافی نەخۆش و ھێزکاری تەندروستی لەتەواو بووندایە و لە ماوەیەکی نزیکدا پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکرێت بۆ ئەوەی خوێندنەوە ی یەکەمی بۆ بکرێت و لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت، کەئەم پێشنیازی یاسایە بەشێکی زۆری کێشە و گرفتەکان چارەسەر دەکات و ھەنگاوێگی گرنگ دەبێت لەچاکسازی لەکەرتی تەندروستی.