Skip to the content
Menu

لیژنەی کاروباری تەندروستی تاووتوێى چەند پرسێک دەکات

نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٧/٨/٢٠١٩، لیژنەی کاروباری تەندروستی و ژینگەو مافی بەکاربەر له‌ په‌رله‌مانی كوردستان بەسەرپەرشتیی د.شایان کاکە صالح جێگری سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونی ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەكه‌ کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامداو چەند پرسێکی تاووتوێ کرد.
سەرەتا ڕاپۆرتی کۆتایی پێشنیازی یاسای مافی نەخۆش و ھێزکاری تەندروستی خوێندرایەوەو بۆ زیاتر دەوڵەمەندکردن و وەرگرتنی ڕاو و پێشنیازی زیاتر بڕیاردرا بەفەرمی ڕاپۆرتەکە بەنووسراوێک ئاراستەی سەندیکا تەندروستییەکان و پسپۆڕانی تەندروستی و لایەنه‌ پەیوەندیدارەکان بکرێت و کۆبوونەوەی ڕاوێژکاریی بۆ ساز بکرێت بۆئەوەی دوای وەرگرتنی پێشنیازو گۆڕانکارییەکان پڕِۆژەکە ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێت.
دواتر ڕاپۆرتی سەردانیکردنی لیژنەی تەندروستی بۆ قەزای دوکان و چەمچەماڵ و بازیان و ڕاپۆرتی سەردانیکردنی لیژنەكه بۆ دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە خوێندرانەوە و بڕیاردرا ھەردوو ڕاپۆرتەکە ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێت بۆئەوەی بۆ لایەنی پەیوەندیدار بنێردرێت.
لەکۆتاییدا ئەو نوسراو و یاداشت و سکاڵا و داواکارییانەی ئاراستەی لیژنەكه‌ کرابوون خوێندرانەوەو کاری پێویستییان لەسەر کراو ئەوانەشی پێویستییان بەوەڵامدانەوە بوو وەڵامدرانەوە.