Skip to the content
Menu

لێژنەی کاروباری شەهیدان چەند پرسێکی تایبەت بە کەس و کاری شەهیدان تاوتوێ دەکات

بەمەبەستی تاوتوێکردنی چەند تەوەرێکی تایبەت بە کەس و کاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی پێشنیوەرۆی ئەمرۆ ٢٧/٨/٢٠١٩ لێژنەی کاروباری شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی بەسەرپەرشتی سوسن محد میرخان سەرۆکی لێژنە و بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆک و بریاردەر و ئەندامان و راوێژکارانی لێژنەکە کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە هۆڵی لێژنەکە بە رێوەچوو، سەرەتا سەرجەم ئەو نوسراوانەی کە ئاراستەیان کرابوو تاوتوێکران و بۆ هەریەکەیان وەڵامی پێویست درایەوە ، هاوکات لەلایەن سەرۆکی لێژنەکەوە جەخت لەسەر پەلە کردن لەو کارانە کرا کە راستەوخۆ پەیوەندارن بە باروگوزەرانی کەس و کاری شەهیدان ، پاشان چەند تەوەرێک تاوتێکران لەوانە مەسەلەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و سەردانی کردنی بەغدا و هەموارکردنەوەی یاسای ماف و ئیمتیازاتی کەس و کاری شەهیدان و قەرەبووکردنەوەیان و پاککردنەوەی لیستی ناوی شەهیدان و یاسای تاقانەکان، هەروەها کێشەی زیندانیانی سیاسی و دیاریکردنی رۆژی ماتەمینی گشتی بۆ سەرجەم ئەو کارەساتانەی کە بەسەر کوردستان داهاتوون ،و باس لەوەکرا کەیسی جینۆساید بخرێتە ناو پرۆگرامی خوێندن ، و گلەیی و گازاندەکانی کەس و کاری ئەنفالکراوانی بادینانیش خرانە روو و تاوتوێکران، هاوکات باس لە قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی شەری داعش کرا کە لە ماددەی ٥ بڕگەی (ب) خاڵی ٣ی بودجەی ٢٠١٩ی عێراقدا هاتووە و بەشی هەرێمی کوردستانی تێدا جێگیر کراوە ،بەڵام تا ئێستا قوربانیانی شەری داعش لە هەرێمی کوردستان لێی سوودمەند نەبوونە.

دوابەدوای کۆبوونەوەی لێژنەکە جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە  لە وەرزی نوێی پەرلەمانی کوردستاندا هەنگاوی کردەیی بۆ سەرجەم ئەو تەوارانە بنرێت  و بریاریشیاندا بە راپۆرتێک سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لە ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە ئاگادار بکەنەوە.