Skip to the content
Menu

ڕاپۆرتی کۆتایی لەسەر پێشنیازی بڕیاری دیاریکردنی ڕۆژی ۳ی ئاب وەکو ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکان ئامادەکرا

بە مەبەستی ئامادەکردنی ڕاپۆرتی کۆتایی لەسەر پێشنیازی بڕیاری دیاریکردنی ڕۆژی ۳ی ئابی هەموو ساڵێک وەکو ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکان کاتژمێر ۳ی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ۱ی ئابی ۲۰۱۹ هەردوو لێژنەی یاسایی بەسەرۆکایەتی بژار کۆچەر و لێژنەی کاروباری شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی بە سەرۆکایەتی سوسن محمد میرخان، جێگر و بڕیاردەر و ژمارەیەک لە ئەندامانی هەردوو لێژنەکە بە هاوبەشی کۆبوونەوە.
کۆبوونەوەکە لە لێژنەی یاسایی بەڕێوەچوو، دوابەدوای دانیشتنی نائاسایی ژمارە ۲ی پەرلەمانی کوردستان کە تایبەت بوو بە خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازی بڕیاری دیاریکردنی ڕۆژی ۳ی ئابی هەموو ساڵێک وەکو ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکان ، لە کۆبوونەوە هاوبەشەکەدا سەرجەم تێبینی و پێشنیازەکانی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان لەبەرچاو گیران و لە پێشنیازە بڕیارەکەدا شوێنیان بۆ کرایەوە و لەمبارەیەشەوە ڕاپۆرتی کۆتاییان پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کرد و بڕیار وایە ڕۆژی شەممەی داهاتوو ۳ی ئابی ۲۰۱۹ پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنێکی نائاساییدا دەنگی لەسەر بدات.