Skip to the content
Menu

سەرۆکی پەرلەمان پێشوازيی لە شاندێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان کرد

نیوەڕۆی ئەمڕۆ٩/١٢/٢٠١٩ د.ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازيی لە ئەحمەد قەرەمووسی ھاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان و شەھلە حەفید جێگری ھاوسەرۆکی کەنەکە و شاندێکی یاوەریان کرد.

لەدیدارێکدا باس لە پرسە ھەنووکەییەکانی کوردستان و ئەو ئاڵانگاریانە کرا کە ڕووبەڕووی ناوچەکە بەگشی و ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی بۆتەوە، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند: "پێویستە لەسەر ھەموو لایەک پارێزگاری لەبەھا نەتەوەیی و فەرھەنگی و کەلتورییەکان بکەن، لە ئێستادا یەکڕیزيی ناوماڵی کوردستان پێویستییەکی حەتمیەو دەبێ ھەموو لایەک پابەند بێت پێیەوە" ، ھەروەھا گوتیشی: "ئاساییە کە ھێزە سیاسیيەکان دیدگایان بۆ پرسە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرھەنگیيەکان جیاواز بێت، بەڵام بۆ مەسەلە نەتەوەییەکان دەبێت یەک گوتاری و یەکڕیزی بکەنە بنەمای کاری ھاوبەش بۆ چارەسەرکردنی کێشەو گرفتەکان"، سەبارەت بە پەیوەندییەکانی گەلی کوردیش لەگەڵ نەتەوەو پێکھاتە جیاوازەکانی دیکە لە ھەر چوار پارچەی کوردستان گووتی: "نەتەوەی کورد بە سروشتی خۆی نەتەوەیەکی ئاشتیخوازەو دەتوانێت لەگەڵ نەتەوەکانی تردا بە برایەتی و تەبایی و پێکەوەیی بژيێت و بەکردەوەش ئەم ڕاستيیەی سەلماندووە". سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان گووتیشی: "پێویستە حیزبە سیاسیيەکان ھەندێک پرس و دیدگای تایبەتيی خۆیان وەلانێن و ئامانجە نەتەوەییەکان بکەن بە ستراتیژ، لەبەرئەوەی کوردبوون گەورەترەو لەسەرووی ھەموو شتێکەوەیە".

لای خۆیانەوە شاندی میوان سوپاسگوزاريی خۆیان بۆ ئەم پێشوازییە گەرمە ده‌ربڕی و ئەحمەد قەرەمووسی ڕایگەیاند: "جێگەی خۆشحاڵیيە کە ژنێک لە سەرۆکایەتیکردنی پەرلەمانی کوردستان دەبینین، ئەمە نیشانەی بەرەوپێشڤەچوونێکی گەورەیە لە سیاسەتی کوردیدا، ھیواخوازین کە لەم ئەرکە نیشتمانیيە گەورەیەدا سەرکەوتووبن و ھەنگاوی گەورەتر بھاوێن".

دواتر شەھلا حەفید تیشکی خستەسەر لایەنە گرنگ و پۆزەتیڤەکانی دیدارەکەو ھیوای سەرکەوتنی بۆ سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان خواست لەو ئەرکە قورس و نیشتمانيیەی کە کەوتۆتە سەرشانی.