Skip to the content
Menu

لیژنەی ناوچە کوردستانیەکان پێشوازی لە وەزیری هەرێم بۆ کاروباری ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم کرد

 پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ١٠/١٢/٢٠١٩ بە مەبەستی وەرگرتنی دوا زانیاری لەسەر گفتوگۆکانی نێوان ھەرێم و بەغدا لەسەر ڕەوشی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە سەرپەرشتی جوان یونس ڕۆژبەیانی سەرۆکی لیژنە و بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی لیژنە و بریاردەر و ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەکە، پێشوازیان لە خالید شوانی وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئێدارەی ھەرێم و د.عبدالحکیم جوزل سەرۆکی دەستەی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم کرد.

لە کۆبونەوەوەیەکدا کە لەهۆڵی لێژنەکە بەڕێوەچوو، سەرەتا سەرۆکی لیژنە پوختەیەکی لە سەر کار و چالاکی و سەردانی لیژنەکەی بۆ بەشێک لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و کەمپەکان کرد ، هاوکات باس لە یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاکان و بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵ لەسەر یاساکە کرا.

لەلایەن خۆیەوە خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم سوپاسی لیژنەی کرد بۆ کار و چالاکیەکانیان بە تایبەتی بردنەوەی تانەی پەرلەمانی کوردستان لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاکان لەدادگای باڵای فیدراڵ ، دواتر باسی لە ھەنگاوەکانی چارەسەری کێشەی ئەو ناوچانە کرد کە خۆی لە ھێڵە گشتیەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا دەبینێتەوە،هەروەها باسی لەو هەوڵانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە ناویەتی بۆ ئەنجامدانی دانووستان لەگەڵ بەغدا و چارەسەرکردنی کێشەکان بە ڕێگای دیالۆگ و گفتوگۆ.

دواتر د. عبدالحکیم جوزل وەک سەرۆکی دەستەی ناوچە دابراوەکان چەند ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر بابەتەکە بۆ سەرۆک و ئەندامانی لێژنەکە خستەروو.

پاشان لەلایەن ئەندامانی لیژنە باس لە گیروگرفتەکانی کوردانی ئەو ناوچانە بۆ شاندی میوان کرد لەوانەش کێشەی زەوی جوتیارە کوردەکان و نەبوونی ئارامی و جموجوڵی داعش و مەترسی کەمبوونەوەی هاووڵاتیانی کورد لەو ناوچانە ، داواشیانکرد ھەرچی زووە ھەوڵی جددی بدرێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن خرانە ڕوو.