Skip to the content
Menu

لە مەڕاسیمێکدا یادی ڕۆژی جیهانيی جینۆساید کرایەوە

ئەمڕۆ دووشه‌مه‌ 2019/12/9، لیژنەی کاروباری شەهیدان و قوربانیانی جینۆسایدو زیندانیانی سیاسی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان بەئامادەبوونی سوسن محه‌مه‌د میرخان سەرۆکی لیژنەو جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیاردەرو ئەندامانی لیژنەکە لەمەڕاسیمێکدا یادی ڕۆژی جیهانیی جینۆساید کرایەوە.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سەرۆکی لیژنەی شەهیدان و جینۆسایدو زیندانیانی سیاسی لەڕێگەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە لەڕۆژی جیهانیی جینۆساید پەیامێکی ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە کەیسی ئەنفال و کیمیاباران و کۆمەڵکوژییەکانی کوردستان لەسەر دەستی رژێمە یەک لەدوای یەکەکانی پێشووی عێراق بەجینۆساید بناسرێت و قەرەبووی مادی و مەعنەویی خەڵکی کوردستان بکرێتەوە، ئەمەی خوارەوەش دەقی پەیامەکەیە:
بە ناوی خوای گەورەو میهرەبان
لە ساڵی ٢٠١٥دا کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، 12/9ى بەڕۆژی جیهانیی قوربانیانی جینۆساید ناساند، هەم بەمەبەستی بەرزڕاگرتنی گیانی پاکی قوربانیان، هەمیش بۆ ڕێگریکردن لە ئەنجامدانی ئەو تاوانە لەم ڕۆژەدا یادی هەموو ئەو کارەساتە تراژیدییانە دەکەینەوە کە لەسەر دەستی دوژمنە دڕندەکان بەسەر گەلەکەماندا هاتووە.
کوردو پێکهاتەکانی کوردستان بەردەوام و بەدرێژایی مێژوو ڕووبەڕووی تاوانی کۆمەڵکۆژی بوونەتەوە، بەداخەوە ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی پێشووی عێراق هەموو شێوازێکی لەناوبردن و قڕکردنیان بەسەر کوردو پێکهاتەکانی کوردستان تاقی کردووەتەوەو لەئەنجامی تاوانانه‌ ١٨٢ هەزار هاووڵاتی ئەنفالکران، ٥ هەزار هاووڵاتیی هەڵەبجە کیمیاباران و ٨ هەزار بارزانی جینۆسایدکران، هەروەها ١٠ هەزار کوردی فەیلی بێسه‌روشوێن كران و جگە لەکیمیابارانی چەندین ناوچەی تری کوردستان، تاوانەکانی ڕاگواستنی زۆرەملێ و پاکتاوی ڕەگەزی و دەیان تاوانی تر. دواجاریش لەسەر دەستی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش بەشێوەیەکی نامرۆڤانه‌ خوشک و برا ئێزدییەکانمان جینۆساید کران.
لەم ڕۆژەدا ئێمە وەکو لێژنەی کاروباری شەهیدان و قوربانیانی جینۆسایدو زیندانیانی سیاسی داواکارییەکانمان ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین کە سەرجەم ئەو کۆمەڵکوژییانەی دژ بەگەلی کوردو پێکهاتەکانی تری کوردستان ئەنجامدراون بەجینۆساید بناسێنرێن، هەروەها ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم تاوانانە بکەن، نەک تەنیا بەرامبەر بەگەلی کورد، بەڵکو بەرامبەر هەر نەتەوەو ئاین و ئاینزایەک کە لەژێر هەڕەشەی کۆمەڵکوژیدابن.
هەروەها ڕووی داواکاریمان ئاراستەی حکومەتی عێراقی فیدراڵ دەکەین بۆ جێبەجێکردنی ئەرکی سەرشانیان بەرامبەر قوربانیانی جینۆسایدی دژ بەگەلی کوردو تەواوی پێکهاتەکانی تری کوردستان و عێراق بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەى، هەروەها قەرەبووکردنەوەی قوربانیان و سزادانی تاوانباران.
داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە بەهەماهەنگی و هاوکاریی زیاتر لەگەڵ حکومەتی عێراقیش هانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بدەن بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەو تاوانە.
هەروەها هەماهەنگیی تەواو بکەن بۆ پەلەکردن، هەڵدانەوەو گەڕانەوەی ڕووفاتی قوربانیانی جینۆسایدکراوی گەلی کوردستان لەبیابانەکانی عێراق کە تائێستاش کەسوکاریان چاوەڕوانی گەڕانەوەی ڕووفاتی ئازیزانیان دەکەن.
لە کۆتاییدا دروود بۆ گیانی پاکی قوربانیانی جینۆساید لەهەرێمی کوردستان و سەرتاسەری جیهان دەنێرین و سەری ڕێز و نەوازش بۆ تەواوی قوربانیانی جینۆساید دادەنوێنین.
لیژنه‌ی كاروبارى شه‌هیدان و قوربانیانی جینۆسایدو زیندانیانی سیاسی
2019/12/9