Skip to the content
Menu

هێمن هه‌ورامی پێشوازیی لەنووسەر و رووناکبیری تورک ئیسماعیل بێشکچی کرد

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یه‌كشه‌مه‌ ١/١٢/٢٠١٩، هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەئامادەبوونی پەرلەمانتاران محمد ئێلخانی و ڕۆمیۆ هەکاری لە هەردوو پێکهاتەی تورکمان و کریستیانەکان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوایی لە نووسەر و رووناکبیری تورک و دۆستی دێرینی گەلی کورد ئیسماعیل بێشکچی و شاندی یاوەری کرد.
لە دیدارێکدا هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وێڕای بەخێرهێنان، ڕۆڵی نووسەر و رووناکبیری تورک ئیسماعیل بێشکچیی لەبایەخدان و بەرگریکردن لە دۆزی رەوای گەلی کورد خستەڕوو کەهەمیشە لە رێگەی وتارو نووسینەکانی بەرگریکارێکی سەرسەختی ئەو دۆزە بووەو لەم پێناوەشدا چەندینجار تووشی ئازارو ئەشکەنجەو زیندان بووەتەوە، بۆیە پەرلەمانی کوردستان شانازیی بەو دۆستە دێرینە دەکات و خۆی بە قەرزارباری دەزانێت.
هەر لەدیدارەکەدا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پوختەیەکی سه‌باره‌ت به‌ کارو ئەرکەکانی خولی پێنجەمی پەرلەمانى کوردستان باسکردو رایگەیاند: "لەئێستادا ئەولەوییەتی کاری پەرلەمان بریتییە لەهه‌وڵدانی جدى بۆ ئه‌نجامدانی چاکسازییەکی گشتگیرو نووسینەوەی دەستوورو فەراهەمکردنی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵک لەرێگەی دەرکردنی یاسای نوێ و هەموارکردنەوەی ئەو یاسایانەی کە پێویستییان بەپێداچوونەوە هه‌یە"، هەروەها باسی له‌ تەبایی و پێكەوەژیانى ئاشتییانەی نێوان سەرجەم پێكهاتەکانی هەرێمی کوردستان کرد کە بەیاسای ژمارە ٥ی ساڵی ٢٠١٥ی پەرلەمانی کوردستان رێکخراوە، لە پاڵ ئەمانەش گرنگیدان بەکاری دیپلۆماسیی پەرلەمانی کوردستان له‌دروستكردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ پەرلەمانی وڵاتانى ده‌ره‌وه‌، هاوکات باسی لەو پەیوەندییە دیپلۆماسییانەش کرد کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستان و سەرجەم پەرلەمانەکانی تری وڵاتان گرنگیی پێدەدرێت.
لەلایەن خۆیەوە نووسەرو رووناکبیر ئیسماعیل بێشکچی، خۆشحاڵیی خۆی بەو پێشوازییە گەرمە دەربڕی و هیوای خواست پەرلەمانی کوردستان بەردەوام بێت لەکارەکانی و پاراستنی قەوارە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و پاراستنی یەکڕیزیی نێو ماڵی کوردو سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، هاوکات وەکو ڕووناکبیرو نووسەرێکی دۆستی کورد پشتگیریی خۆى له‌بەدیهێنانی مافەکانی گەلی کورد لەڕێگەی دیالۆگ و چارەسەری ئاشتییانە دووپات كرده‌وه‌.
لەکۆتاییشدا هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، به‌رامبه‌ر ئەو ماندووبوونەی رابردوویی و ئەو خزمەتەی پێشکەشی گەلی کوردی کردووە، خەڵاتی رێزلێنانی پەرلەمانی کوردستانی به‌ به‌ڕێزیان بەخشی.