Skip to the content
Menu

هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان سەردانی مەکتەبی سیاسی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان دەکات

پێشنیوەرۆی ئەمڕۆ ٣/١٢/٢٠١٩ هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە مەبەستی پیرۆزبایی سەرکەوتنی کۆنگرەکەیان سەردانی مەکتەبی سیاسی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستانی لە شاری هەولێر کرد و لەلایەن بەڵێن عبدالله سکرتێری گشتی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی  پێشوازییان لێکرا.

 لە دیدارێکدا هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پیرۆزبایی سەرکەوتنی کۆنگرەی دەیەم و هەڵبژاردنی سکرتێری گشتی و ئەندامانی نوێی مەکتەبی سیاسی لە حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان کرد، هەرلە دیدارەکەدا تیشکخرایە سەر بارودۆخی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا و پڕۆژەی چاکسازی حکومەتی هەرێم و نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان، جێگری سەرۆکی پەرلەمان رۆڵی حیزبی زەحمەتکێشانی بەرزنرخاند کە هەردەم لەگەڵ یەکڕیزی بوونە، و هیوای خواست لە داهاتووشدا لە پێشکەوتنی بەردەوام و هەمیشە لە نوێ بوونەوەدا بن.

لەلای خۆیەوە بەڵێن عبدالله سکرتێری گشتی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان وێرای بەخێرهاتنی لە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پوختەیەکی لەسەر شێوازی بەرێوەچوونی کۆنگرەکە و هەیکەلیەتی نوێی حزبەکەیان خستەروو ، هاوکات هیوای خواست بەو توانایەی کە هەیانە خزمەتی یەکریزی هەرێمی کوردستان بکەن، ئەگەر ئۆپۆزسیۆنیش بن بەڵام خواستی پاڵپشتیان لە کارەکانی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە لە خزمەتی دۆزی رەوای کوردستان.