Skip to the content
Menu

هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان پێشوازی لە شاندێکی ئەنجومەنی لۆرداتی بەریتانیا کرد

دوای نیوەرۆی ئەمڕۆ ٣/١٢/٢٠١٩ هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی پەرلەمانتاران کلارا عۆدیشۆ و فەرید یەعقوب لە پێکهاتەی کریستیان لە پەرلەمان،  پێشوازی لە لۆرد دەیڤید ئالتۆن ئەندامی ئەنجوومەنی لۆردات و بڕیاردەری لێژنەی بەرگری و ناوخۆ لە پەرلەمانی بەریتانیا و شاندێکی یاوەری کرد، کە بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ رەوشی پێکهاتەی کریستیانەکان سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردبوو.

لە دیدارێکدا هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، باسی لەدۆخی هەرێمی کوردستان کرد کە لە ساڵانی رابردوو باوەشی بۆ سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکان بە کریستیان و سەرجەم نەتەوە و پێکهاتەکنیتری عێراق و سوریا کردەوە، سەرەرای بوونی قەیرانی دارایی هەرێمی کوردستان بەڵام بووە پەناگەیەکی ئارام بۆ سەرجەم پێکهاتەکان ، پاشان پوختەیەکی لەسەر پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێكهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان خستەروو کە مافیان پارێزراوە و لەپەرلەمانی کوردستانیش یاسای تایبەتی بۆ دەرهاتووە و پێکهاتەکان ڕۆڵیان هەیە لەسەرجەم دامەزراوە فەرمیەکانی هەرێمی کوردستان.

لەلای خۆیانەوە شاندی میوان ئامانجی سەردانەکەیان روونکردەوە کە لە ئێستادا بۆ دڵنیابوون لە بارودۆخیان سەردانی ناوچە کریستیان نشینەکانیان کردووە، سەرسامی خۆشیان نیشاندا بەو پێکەوەژیانە ئاشتیانەیەی نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان و ، هەرێمی کوردستانیان وەکو مەڵبەندێکی گرنگی پێکەوەژیان لە ناوچەکە وەسف کرد، هاوکات باسیان لە هەوڵەکانیان کرد بۆ بە جینۆساید ناساندنی کەیسی هەڵبجە  لە ئێستاشدا خەریکی کۆکردنەوەی بەڵگەنامەی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان بۆ ئەوەی بە جینۆساید بناسێندرێت.